فرانسوا ئۆلاند: نەک تەنیا قەرزاری کوردین، بەڵکو ئەرکی سەرشانیشمانە بیانپارێزین
  2019-10-10       3959       
سەرۆکی پێشووی فەرەنسا، لەبارەی رەوشی باكوری سووریا و ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەڵێت: "نەک تەنیا قەرزاری کوردین، ئەرکی سەرشانیشمانە بیانپارێزین".

ئاوێنه‌: لە ساڵی 2015 بە بڕیاری ، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسا فڕۆکەکانی فەرەنسا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێگەکانی داعشیان لە سووریا بۆردوومان کرد، ئێستاش داوای کارێکی بەپەلە دەکات بۆ راگرتنی هێرشی تورکیا لەدژی کورد.

سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی لو پاریزیانی فەرەنسی دەڵێت: "لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کارم لەگەڵ کوردانی سووریادا کردووە، ئەوان تاکە سەرچاوەمان بوون کە لە شەڕی دژی داعش پشتمان پێبەستن، لەرێگەی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ کورد هەمانبوو لەسەر زەوی، توانیمان داعش لە باکووری سووریا لەنێوبەرین".

فرانسوا ئۆلاند دەڵێ "ئێمە نەک تەنیا قەرزاری کوردین، بەڵکوو ئەرکێکیشمان لەسەرشانە لەبەرامبەریان".

بەشێکی وتەکانی فرانسوا ئۆلاند تایبەت بوون بەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانەکانی هەسەدەن دەوترێت نزیکەی دوو هەزاریان چەکداری بیانین.

ئۆلاند ئاماژە بەوە دەکات: "من، دەزانم، کورد ژمارەیه‌کی زۆر جیهادییان لەنێو کەمپەکانیاندا دەستبەسەرکردوون کە بەشێکیان فەرەنسین و ترسی ئەوە هەیە بتوانن خۆیان رزگاربکەن، ئەوکاتەش نەک تەنیا دەبنەوە هەڕەشە لەو ناوچەیە، بەڵکوو دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئەورووپاش، بۆیە لەپێناو پاراستنی خۆمان و بەرژەوەندیمان، پێویستە کورد بەردەوام بن لە باکووری سووریا و خاکیان بەدەستەوە بێت".

فرانسوا ئۆلاند سێ رێگا بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە لە بەرژەوەندیی کورد دەخاتەڕوو "یەکەم: دامەزراندنی ناوچەی ئارام و گەڕاندنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان. دووەم: ئەنجوومەنی ئاسایش کە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و ئۆپەراسیۆنەکەی کۆ دەبێتەوە، دەبێت ئەگەر هێرشەکەی تورکیا بەردەوام بوو، یەکێتیی ئەورووپا راستەوخۆ ئابڵۆقە بخاتە سەر تورکیا. سێیەم: کورد هاوپەیمانی ئێمەن، ئەوان شەڕی دژی داعشیان کرد، لەهەمان کاتدا تورکیا ئەندامی ناتۆیە، چۆن وڵاتێک کە لەگەڵ ئێمە لە هاوپەیمانییەکدایە، دەتوانێت هێرش بکاتە سەر هاوبەشێکی سەرەکیمان، بۆیە لێرەدا دەبێت پرسیار لەبارەی پەیوەندیی تورکیا و ناتۆ بکرێت، دەبێت ئەندامیێتیی تورکیا لە ناتۆ هەڵبپەسێردرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×