مەسعود بارزانی: كاتی ئەوەیە هەرچی توانامان هەیە بیخەینەگەڕ بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕە
  2019-10-12       1650       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئێستا كاتی "موزایەداتی بێهودەو بۆچونی عاتیفی و هەڵچون نییە"، بەڵكو كاتی ئەوەیە هەمو لایەك هەرچی هەوڵ و توانا هەیە بەكاری بهێنێت بۆ كۆتاییهێنانی شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان و ڕێگەگرتن لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە.

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لەپەیامێكدا بۆ رایگشتی كوردستان سەبارەت بە هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند"ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهودە و بۆچونی عاتیفی و هەڵچون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەمو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت."

بارزانی جەختی كردۆتەوە كە "بەردەوامبونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج."

دەقی پەیامەكە...

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەرباری ئەوەی لە ماوەی ڕابردو هەوڵی زۆرمان دا كە شەڕ و ناسەقامگیری لە گەلی كورد لە سوریا دور بكەوێتەوە و چیتر نەهامەتی و كارەسات ڕو نەدەن، بەڵام بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردو ناوچە كوردنشینەكانی باكوری سوریا توشی پەلاماردان و دۆخێكی مەترسیدار بونەتەوە.

بەردەوامبونی شەڕ و ئەو دۆخە مەترسیدارە، هەڕەشەیەكی زۆر جدییە بۆ سەر ژیانی خەڵك و ئاسایش و سەقامگیریی كۆی ناوچەكە دەكاتە ئامانج.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان و لایەنەكان ڕابگەیێنم كە، هۆكارەكانی ئەو شەڕە هەرچییەك بوبن و هەر لایەنێك كەمتەرخەم بوبێت یان دەستی لەم دۆخە ترسناكە هەبوبێت، ئێستا كات، كاتی موزایەداتی بێهودە و بۆچونی عاتیفی و هەڵچون نییە. كاتی ئەوەیە كە هەمو لایەكمان هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە بەكاری بهێنین بۆ ئەوەی كۆتایی بەو شەڕە بێت و چیتر خەڵكی بێ تاوان باجی ئەو دۆخە مەترسیدارە نەدەن و ڕێگەیش لە گۆڕینی دیموگرافیی ئەو ناوچەیە بگیرێت.

مسعود بارزانی
12ـی 10ـی 2019

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×