قەرەیلان: ئەگەر هاوپەیمانان لەدژی داگیرکەرین، با ناوچەی دژەفڕین راگەیەنن
  2019-10-13       1883       

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، لەگەڵ ئەوەی باس لەوە دەكاتا كە بەرخۆدانی رۆژئاوا دژ بە دەوڵەتی توركیا سەردەكەوێت، دەشڵێت؛ هەندێک لایەن ناڕەزایی لەبەرامبەر هێرشەکان نیشان دەدەن، بەڵام هەر ناڕەزایەتی و قسەیە... ئەگەر هاوپەیمانان لەدژی داگیرکەرین، با ناوچەی دژەفڕین راگەیەنن. دەتوانن ئەوە بکەن."

ئاوێنە: موراد قەڕەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، لە بەرنامەیەكی تایبەتی رادیۆی دەنگی وڵات رایگەیاند"ئێمە لە سەردەمێکی زۆر مێژویی داین. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەرچاوی هەمو جیهان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیاسەتی قڕکردن بە شێوەیەکی دڕندانە بەڕێوەدەبات. شەڕێکی ناهاوسەنگ بەرێوەدەبات. لە لایەک گەلانی باکور و ڕۆژئاوای سوریا هەن کە بۆ شەرەف، هەبون و ئازادی خۆیان بەرخۆدان دەکەن و لە لایەکی دیکە دەوڵەتێکی دڕندە هەیە کە خاوەنی تەکنیکی پێشکەوتوی سەردەمە. شەڕێکی بەم شێوەیەی نادادپەروەرانە هەیە."

قەرەیلان هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێرشەكەی سوپای توركیا بۆ ڕزگارکردنی داعشە. لەم چوارجێوەیەدا لەدژی هەمو مرۆڤایەتییە و وتیشی"هەندێک لایەن ناڕەزایی لەبەرامبەر هێرشەکان نیشان دەدەن، بەڵام هەر ناڕەزاییەتی و قسەیە. لەبەرچاوی هەمو جیهان هێرشێکی ناهاوسەنگ ئەنجامدەدرێت. ئەو شەڕەی ئێستا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەجێت، بە تەنها لەدژی بەرخۆدێرەکان نییە. نەخۆشخانەکانیان بۆمباران کرد، شوێنی نیشتەجێبون و عەمباری ئاو و فڕنی نان، هەموی بوەتە ئامانج. هەروەها دەوروبەری ئەو زیندانانەی کە داعشی تێدایە بۆردومان دەکرێت. بەم شێوەیە دەیانەوێت دیلەکانی داعش بڕفێنن."

قەرەیلان ئەوەی خستەڕو، دەولەتی تورک لەبێش چاوی هەمو جیهان تاوان دەکات و وتی، "تاوانی دڕندەیی لە بەر چاوی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت و ئەوانیش تەنها سەیری دەکەن. هاوپەیمانان لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا دەلێن، لەدژی داگیرکەرین، ئەگەر هاوپەیمانان لەدژی داگیرکەرین، با ناوچەی دژەفڕین راگەیەنن. دەتوانن ئەوە بکەن. لەبەرئەوەی ناوچەکە لە کۆنتڕۆڵی ئەواندایە. ئەگەر ئەو کارە بکەن، هاوسەنگی دەگۆرێت و دەولەتی تورک ناتوانێت بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش بکات. ئەگەر نەیکەن واتە سەمیمی نین. ئەمە ڕاستیەکی ئاشکرایە. لە پشت پەردەی هێرشی داگیرکەری ئەوە هەیە. لە سەر بناغەی بەرژەوەندیەکانە. بەو هۆیەوە ئەمە وەک پیلانگێڕیەکە. زلهێزەکان داگیرکەریان لە بەرژەوەندی خۆیاندا بینی و رێگەیان بە دڕندەیی ئاکەپە – مەهەپە دا."

لەگەڵ ئەوەش قەرەیلان وتی"یەکەمجارە بەم ڕادەیە خاوەنداری لە دۆزی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی کورد دەکرێت و پشتەوانی لێدەکرێت. هەرچەندە هەندێک هێز پیلانیان گێڕا و نامەردیان کرد، بەلام گەلانی جیهان، ویژدانی ڕایگشتی لەدژی ئەو داگیرکەریە هەستانە سەرپێ و ناڕەزاییان دەربڕی. لە ئەمریکا تا هیندستان لەدژی داگیرکەری ناڕەزایی هەیە. ئەمەش بە ڕاستی پشتگیریەکی بەهێزە و دەرفەتێکی گەورەیە بۆ تێکۆشانی ئازادی کوردستان. شەرڤانانی هەسەدە و گەلەکەمان بەم پشتگیریە گەورەیە داگیرکەری و وەحشیگەری تێکدەشکێنن. دەرفەتی ئەوە هەیە."

وتیشی"لە لایەک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیتی قڕکەر دڕندەیی لەدژی گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرێوەدەبەن و بە شێوەیەکی بێپێوانەیی هیرش دەکەن و شەرڤان و گەلەکەمان شەهید دەکەن، فیداکاریەکی گەورە دەکرێت و باری گەلەکەمان قوڕسە. بەڵام دوژمن لەناو خۆیدا توشی کیشەی گەورە بوەتەوە. لەناو قەیران دایە و بەتەنهایە. ئێمە بڕوامان وایە تێکؤشانی ئازادی کوردستان سەردەکەوێت. لە بەرخۆدانی جەنگی ڕۆژئاوادا فاشیم تێکدەشکێت و گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە سەردەکەون."

قەرەیلان ئاماژەی بەوە داوە، ئەوە توركیا خۆیەتی كە نسێبین و كانی خەزالان و پرسوس-ی بۆردومان كردوە نەك هەسەدەو وتیشی"لە میدیاکاندا هەندێک دیمەن بلاوکرانەوە کە نیشانەی ئەوەیە، تۆپ و هاوەنەکانی تورکیان. واتە تورکیا هاوەنی گرتوەتە نسێبین و ئەو دەڤەرانە بۆردومان دەکات."

قەرەیلان ڕاشیگەیاند، گەلی ڕۆژئاوا لەناو بەرخۆدانێکی گەورەدایە و وتی، "بێگۆمان شتێکی ئاسان نییە بەرخۆدان لە ئاستێکی بەم شێوەیەدا بکرێت. ئەم بەرخۆدانە لە دڵەوەیە و هەستی پێدەکەن. وەک ئەوەی بەر لە ئێستا وتم، ئێمە هەمو کاتێک لەگەڵ خەڵکی خۆمانداین. هەمو بەرخۆدانەک زەحمەتی و باجی دەوێت. گەلەکەمان لە قۆناغێکی بەم شێوەیەدا بەرخۆدان دەکات. چوار ڕۆژە بەرخۆدانێکی زۆر گەورە دەکرێت. لەو دەڤەرە دیرۆک دەنوسرێتەوە. بە تایبەتی لە سەرێکانی و گرێ سپی و لە هەمو هێڵی سنوری مێژو سەر لەنوێ دەنوسرێتەوە. بەرخۆدانی شەرڤانانی هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە و گەلەکەمان بەرخۆدانێکی مێژویییە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×