بەڕێوەبەری خۆسەر: لەگەڵ دیمەشق رێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی سوپای سوریا بگەڕێتەوە ناوچە سنورییەكان
  2019-10-13       1186       

بەڕێوەبەریی خۆسەر لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا بەڕەسمی رایگەیاند، لەپێناو بەرەنگاربونەوەی هێرشەكانی توركیا لەگەڵ حكومەتی سوریادا رێككەوتون بۆ ئەوەی سوپای سوریا بەدرێژایی هێڵی سنوری سوریا-توركیا جێگیربكرێت بۆ پشتیوانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و رزگاركردنی ئەو ناوچانەی سوپای توركیا هاتۆتە ناویان.

ئاوێنە: بەڕێوەبەریی خۆسەر، ئەمشەو یەكشەممە، لەبەیاننامەیەكدا بۆ رایگشتی، رایگەیاند، بۆ ئەوەی بەرەنگاری دەستدرێژییەكانی سوپای توركیا ببینەوە، رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی سوریا كراوە تا بە ئەركی خۆی هەڵبسێت لە پاراستنی سنورەكانی وڵات و پاراستنی سەروەریی سوریاو لەوچوارچێوەیەشدا سوپای سوریا بەدرێژایی سنوری سوریا-توركیا جێگیردەكرێت بۆ پشتیوانی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات و بۆ رەنگاربونەوەی دەستدرێژییەكان و رزگاركردنی ئەو ناوچانەی سوپای توركیاو میلیشیا بەكرێگیراوەكانی هاتونەتە ناویان.

بەڕێوەبەریی خۆسەر هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رێككەوتنەكە دەرفەتێكە بۆ رزگاركردنی ئەو شوێن و شارانەی دیكەی سوریا كە لەلایەن سوپای توركیاوە داگیركراون لەوانە عەفرین و تەواوی شارو شارۆچكەكانی دیكە.

بەڕێوەبەریی خۆسەر هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رێككەوتنەكە دەرفەتێكە بۆ رزگاركردنی ئەو شوێن و شارانەی دیكەی سوریا كە لەلایەن سوپای توركیاوە داگیركراون لەوانە عەفرین و تەواوی شارو شارۆچكەكانی دیكە.

بەڕێوەبەریی خۆسەر، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی یەك لەسەر سێی خاكی سوریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانیاندایەو لەماوەی پێنج ساڵی شەڕی دژ بە داعشدا بۆ رزگاركردنی ئەو شوێنانە زیاتر لە 11 هەزار شەهیدو 24 هەزار برینداریان داوە، هێمای بۆ ئەوە كردوە كە پڕۆژەی سیاسی ئەوان لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، بانگەشەی بۆ سەربەخۆیی نەكردوە بەڵكو تا ئێستاش داوای گفتوگۆو چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی سوریا دەكەن و هیچ دەستدرێژی یاخود هەڕەشەیەكیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت توركیاش نەبوە، بەڵكو توركیا ئەمان تۆمەتبار دەكات بە تیرۆر و لەكاتێكدا ئەو وڵاتە خۆی رۆڵی نەرێنی چالاكی هەبوە لە بڵاوكردنەوەی تیرۆر لە سوریا لەسەرەتای قەیرانەكەی سوریاوەو ئێستاش دەستی بە داگیركردنی ئەو ناوچانەی سوریا كردوە كە لەلایەن هەسەدە رزگاركراون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەماوەی پێنج رۆژی رابردودا، سوپای توركیا، قێزەونترین تاوانی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بێ چەك ئەنجامداوەو شەڕڤانانیش بەوپەڕی دلێری بەرەنگاری ئەو سوپایە بونەتەوەو لەو پێناوەشدا چەندین شەهیدو برینداریان داوە لەپێناو سەروەری سوریادا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەڵام توركیا بەردەوامەو سورە لەسەر دەستدرێژییەكانی بۆیە ئەو رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی سوریا بۆ گەڕانەوەی سوپای ئەو وڵاتە بۆ سنورەكان ئەنجام دراوە.

لەكۆتاییشدا ئاماژەی بەوەداوە كە سەرجەم هاوڵاتیان لەهەمو پێكهاتە لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەت لە ناوچە سنورییەكان ئاگاداردەكەنەوە كە بڵاوبونەوەی سوپای سوریا لەچوارچێوەی هەماهەنگی و رێككەوتندایە لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر و هێزەكانی سوریای دیموكراتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×