قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی هەق دەڵێت، راگەیاندنەكەی پەكەكە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو چەكدانان، كۆتایی بە هەمو پاساوەكانی توركیا بۆ داگیركردنی خاكێكی بەرفراوانی عێراق هێنا. داواش لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكات دەستبەجێ رێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ چونە دەرەوەی تەواوەتی هێزەكانی توركیاو رادەستكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە بە عێراق.
ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، راگەیاندنەكەی پەكەكە بۆ خۆهەڵوەشندنەوەو چەكدانان، كۆتایی بە سەرجەم هۆكارو پاساوەكانی داگیركردنی چەند ناوچەیەكی فراوانی خاكی عێراق لەلایەن سوپای توركیاوە هێنا كە روبەرەكەی دەگاتە زیاتر لە پێنج هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە و تێیدا زیاتر لە 183 بنكەی سەربازی توركیا لەنێو خاكی پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر دامەزرێندراون لەگەڵ بنكەی باشیك لە پارێزگای نەینەوا.
وتوشیەتی، داوا لە حكومەتی عێراقی دەكەین كە چاودێری جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئاشتی بكات و هەمو توانایەك پێشكەش بكات بۆ گەرەنتیكردنی سەركەوتنی چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی و پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراقدا.
قەیس خەزعەلی داوای لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق كردوە هەمو رێكارێكی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری عێراق بگرنەبەر ئەوەش لەڕێگەی دەستكردنی خێرا بە گرتنەبەری رێكارە پێویستەكان بۆ گەرەنتیكردنی چونە دەرەوەی تەواوەتی هێزەكانی توركیا و گەریلاكانی پەكەكە لە خاكی عێراق.
جەختیشی كردۆتەوە كە پێویستە حكومەتی عێراق بەخێرایی جوڵە بكات بۆ وەگرتنەوەی ئەو بنكە سەربازییانەی كە سوپای توركیایان تێدایە لەنێو خاكی عێراق.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی هەق داواشی كردوە كە لوتكەی عەرەبی بەغدا بقۆزرێتەوە بۆ دەركردنی بڕیارێك كە تێیدا جەختن لەوە بكرێتەوە بەخێرایی هێزەكانی توركیا لە عێراق بچنە دەرەوەو رێزی تەواو لە سەروەریی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بگیرێت.
هەروەها داواشی كردوە كە حكومەتی عێراق ئەو لێكتێگەیشتنەی خۆی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێنێتەوە كە لە مانگی ئابی ساڵی رابردودا پێشنیاركرا.
لە كۆتاییشدا وتویەتی، هیوادارین رێككەوتنی توركیا لەگەڵ پەكەكە، سەرەتای هێنانەدی ئاشتی و گەرەنتیكردنی مافی تەواوی پێكهاتەو گەلانی ناوچەكە بێت لەنێویشیاندا برایانی كوردمان كە چەند دەیەیەكە خەبات دەكەن بۆ هێنانەدی داخوازییەكانیان و هەروەها پڕۆسەكە ببێتە مایەی چونە دەرەوەی هێزەكانی توركیا لە عێراق و گەرەنتیكردنی پەیوەندیی دۆستانەو پتەوی نێوان عێراق و توركیا.