بەرهەڵستي‌ پاسیڤ
  2019-10-18       3130       

نزارسابیر

 


دڵخۆشکەرانە بزووتنەوەیەکی سۆشیامیدیایانە بڵاوبۆتەوە بۆ بایکۆتی کەلوپەلی تورکي. هەندێک ئەو داوایە بە ناواقعي و نامەنتیقي دادەنێن و هەندێکیش گاڵتەیان پێ دێ.
من لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابوردوودا بە درێژایي‌ی ژیانی ئەوروپا و ئەو هەشت ساڵەی دواییش کە لە کوردستان بووم پەیڕەوی خۆگرتنەوەم کردووە لە کڕینی شتومەکی تورکي و سەفەرکردنی گەشتوگوزارانە بۆ تورکیا. هەڵبەت لەو کاتانەی گرژي‌یە سیاسي‌یەکە لەنیوان تورکیا و کورددا بڕێک خاوبووبۆوە و دەوڵەتی تورک لە دانوستاندا بوو لەگەڵ پەکەکە، منیش ئەو پێڕەوە شەخسي‌یەی خۆمم خاوکردبۆوە.
هەتا لە ئەڵمانیا بووم کارەکە ئاسانتر بوو. بەدیلی شتە تورکي‌یەکان وەک خۆڵ وان. تەنیا گۆشت و دۆشاوی تەماتە و هەندێک خۆراکی شەرقي‌ی کەم هەن، کە بەدیلیان کەمن. گۆشتەکەش بۆ نموونە لە تورکیاوە نایە و زۆربەی گۆشتفرۆشەکانیش کوردی باکوورن، بۆیە دەمکڕي.. ئەوانی دیکەش ئەوەندەی بکرایە لای دوکاندارە کوردەکان دەمکڕي. لە سلێماني کارەکە سەختتر بوو. بازاڕي کوردستان تەسلیم بە تورک بە پلەی یەکەم و ئێران بە پلەی دووەم کراوە. هەتا غەیرە تورکي و غەیرەئێراني هەبووایە ئەوانەم دەکڕي، ئیدي کوردي، میسري، ئەردەني و سعوودي و هتد. هەتا بەدیلی ئێرانی هەبوایە بۆ تورکي‌یەکە، ئێراني‌م دەکري. کە هیچ چاریش نەمایە، تورکي‌یەکەم دەکڕي، بەڵام هەوڵم دەدا لەکارکردنی ئەوانەشدا خۆم بگرمەوە.
من هەرگیز لەوەم نەپرسیوەتەوە، منێکی تاکوتەرا لەناو ملیۆنان خەڵکدا بەم خەباتە ژێربازاڕي‌یەم چ تەئسیرێک دادەنێم لەسەر ئەو دیمەنە سیاسي‌یە زۆر زاڵ و تەمەن سەدساڵە. بۆ من ئەوە گرنگە، وەکو کارایانە ناتوانم بەرهەڵستي‌ی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە بکەم، هیچ نەبێ، ئەوەندەی پێم دەکرێ، خزمەتی پاسیڤانەی زاڵبوونیشیان ناکەم. بۆ من گرنگ ئەوەیە، مومارەسەی ئیرادەیەکی شەخسي خۆم بکەم بۆ خزمەتنەکردن بە ئابووري‌ی دوژمن. بەوە لە ڕووی بابەتي‌یەوە تەئسیرێکم نەبووە جێی باس بێ. بەڵام لە ڕووی مەعنەوي‌یەوە بە مومارەسەکردنی ئەو (اضعف الایمان)ە مورتاحم و نە برسیم بووە و نە هیچیشم لە کیس چووە.
تۆش مەجبوور نیت خۆت لەنێوان سفر و سەددا سەرپشک بکەیت؛ مەرج نییە هیچ شتێکی تورکي نەکڕیت؛ بەڵام ئەوەندە بکڕە کە ناچاریت؛ مەرج نییە سەفەر بۆ تورکیا نەکەیت؛ بەڵام ئەوەندە سەفەری بۆ بکە کە ناچاریت (نەخۆشي، خوێندن، ترانزێت و هتد)، بەڵام لەوێ مەگەڕێ.. شوێنی تر زۆرن.. ئەگەر هەر نەبوو، مەگەڕێ! گەڕان لە وڵاتێکدا تۆ بە هیچ بزانێ، لەسەر دوژمنایەتي‌ی وجوودی تۆ دامەزرابێ، گەڕان لە وڵاتێکدا نەوێریت ناوی خۆت بە دەنگی بەرز بڵێیت؛ لەترسا هەویەتی خواپێداو و سروشتپێداو و مێژووپێداو و کولتوورپێداوی خۆت وەک گوناهێک بشاریتەوە؛ گەرانێکە شوێنی جوانت دەداتێ، بەڵام کەرامەتت لێ دەستێنێتەوە؛ ئەگەر ناچاربیت لەنێوان نەگەڕان و لەتورکیاگەڕاندا هەڵبژێریت، مەگەڕێ! بەوە نامریت.
هەندێک بۆ برنەوەی ئارگومێنتەکەیان دژ بەم جووڵانەوەیە، خێرا ئێرانی و عەرەبي‌یشی تێدەخزێنن و بەزۆر مۆری بایکۆتی شتی ناکوردي لێ دەنێن. ئەمە ڕاست نییە. بایکۆتەکە بە پلەی یەکەم دژ بە تورکیایە و سوور و زەقیش ئاڵای تورکیای خستۆتە پشت تێکستەکەوە. بۆچي تورکیا؟
بەدەر لەو هێرشە بەربەري‌یەی ئێستا دژ بە ڕۆژئاوا بەرپایان کردووە، لە ١٩١٩ەوە هەتا ٢٠١٩، واتە لەماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا و ساڵانی داهاتووش هەتا تورکیا هەبێ، هەرقەدەرێکی خراپ بەسەر هەر کوردێکدا دێ لە دنیادا دەبێ لە چاوی دەوڵەتی تورکی بناسیت. مووسا ئەنتەر سەبارەت بە قەدەغەکردنی زمانی کوردي لە تورکیادا دەیگوت "ئەگەر دەترسیت زمانەکەی من بناغەی دەوڵەتەکەی تۆ بهەژێنێ، مانای وایە دیارە تۆ دەوڵەتەکەی خۆتت لەسەر خاکی من دروستکردووە". ئەسڵی پرسەکە ئەمەیە: دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی خەڵکێکی دیکە دامەزرێنراوە: یۆناني لە ماوەی ٥٠٠ ساڵی ڕابوردوودا بوون بەژێر لێشاوی بە غەزاهاتووی تورکەوە؛ ئەوەی ڕایکرد بۆ یۆنان و ئیتاڵیا و شوێنای دیکە ڕایکرد و ئەوەشی مایەوە خۆی دەگونجاند، تا ئەتاتورک لە گەرمەی شەڕی دامەزراندنی تورکیای نوێدا ١٩١٩ تا ١٩٢٢ زۆربەیان هەڵبڕي، ئەوەی پەڕییەوە بۆ یۆنان و پەڕییەوە و ئەوەشی لە دەریادا خنکا، خنکا. خڵتە و تاکوتەرایەکیش کە لە ئەستەنبووڵ و شارە گەورەکانی ڕۆژئاوای تورکیادا مابوونەوە، لە پەنجاکاندا بە کوشتن و تۆقاندن ناچاری سەرهەڵگرتن کران. دوای یۆناني، ئەرمەن گەورەترین کۆمەڵگەی ئەسڵی سەر خاکی ئەنادۆڵ بوون. چەند ساڵێک بەر لە هاتنی سەدەی بیستەم وەک جێمی یەکەمی فوتبۆڵ قەتڵوعام کران بۆ ئەوەی لە ١٩١٥دا ئیدي لە جێمی دووەمدا بە تەواوي قڕیان تێ بخرێ. کورد، کە لەو کوشتاری ئەرمەندا بەردەستي‌ی تورکی دەکرد، نەیدەزاني دوای ئەوان نۆرەی خۆی دێ. مێژووی کوشتاری کورد ڕوونە: لە ١٩١٥ەوە دەستپێدەکا و لە ١٩٢٥ ١٩٢٩ و ١٩٣٠ و ١٩٣٧دا دەگاتە لوتکە. بەڵام کورد بە ژمارە لەوە زۆرتر بوو، وەک ئەرمەني بە کوشتار قڕی تێ بکەوێ و بە بەرنامەی تواندنەوەی دەوڵەتیش وەک لاز و چەرکەس و عەرەب، بە تەواوي ببێ بە تورک. بۆیە ئێستا تاکە موددەعي‌یەک مابێ لەسەر تاپۆنامەی ساختە و ناهەقی دەوڵەتی تورک، کوردە. هەر بۆیەشە تورک بە ناوی کورد هار دەبێ؛ بە ناوی کوردستان دەهري دەبێ. تورکە نەیهێشت کورد بە گوێرەی پەیماننامەی سیڤەر دەوڵەتی خۆی هەبێ؛ بەوەش ڕێیەکی عەمەلي بۆ ئینگلیز نەهێشتەوە غەیری ئەوەی باشوور بلکێنێ بە ئێراقەوە. تورکە زەختی لە ئێراقیش دەکرد، ماف بە کورد نەدا. تورکە نەیدەهێشت تەنانەت کۆرسێکی زمانی کوردي لە ئەڵەمانیا یان لە ژاپۆن بکرێتەوە؛ تورکە، بەر لە هەر لایەنێکی دیکە، نەیهێشت ڕیفراندۆمەکەی کوردستان ئیمکانی سەرگرتنی هەبێ؛ تورکە ئێستا پەلاماری ڕۆژئاوا دەدا و لەناوی دەبا؛ تورکە لە ئایندەیەکی نزیکدا پەلاماری کوردستانی ئێراقیش دەدا و دەیخا. خۆش ئەوەیە تورک ئەم نیازە ناشارێتەوە؛ بۆنە نییە ئەو نیازەی تێدا دووپات نەکاتەوە. ئەوە کوردە نایەوێ باوەڕی پێ بکا.
غاندی سەرکردایەتي‌ی بایکۆتی کەلوپەلی ئینگلیزي‌ی کرد. بایکۆتەکە کاریگەر بوو. بەڵام بایی ئەوەندە نەبوو ئینگلیز بەوە هیندوستانیان بۆ بەجێبهێڵێ، بەڵام بۆیان دەرکەوت ناتوانن تا ماوە وڵاتێک داگیر بکەن میللەتەکەی بە گشتي ئیرادەی دەربڕێنی "نا"ی هەبێ. تۆ نەک غاندیت نییە، سەرکردەکانت ئابووري و پەروەردەی وڵاتەکەتیان فڕۆشتووە بە تورک. بەڵام کوردستان لە چەندان موناسەبەتدا دەریخستووە، خەڵکەکەی لە نوخبە سیاسي‌یەکەی هۆشیارتر و فیداکارترە. بۆیە تۆ خۆت دەستپێشخەري بکە! خۆت مەکوژە لە برسا ئەگەرر شتی تورکیت پێ بایکۆت ناکرێ! بەڵام هەتا پێت دەکرێ شتیان مەکڕە، کە نەشکرا ئەوەندەی دەکرێ خۆت بگرەوە!


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×