سەرۆکی فەرەنسا: هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات په‌كه‌كه‌ نین
  2019-10-18       1942       
ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەرەنسا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات -هه‌سه‌ده‌- تیرۆریست نین‌و بەشداری شەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بون دژی داعش. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیا له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ سوریاوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان كۆده‌بنه‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "دەزانین پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەڵام زۆربەی شەڕکەرەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا تیرۆریست نین‌و بەشداری شەڕی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بون دژی داعش".

وتیشی‌، "من تێدەگەم لەتورکیا کاتێک کە دەڵێن ئێـمە شەڕی پەکەکەو تیرۆر دەکەین، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەهێزەکانی سوریای دیموکرات‌و شەڕکەرانی ئازادی لەنێوگۆڕەپانەکانی شەڕدا هەن کە پەکەکە نین". 

ماکرۆن وتی‌، "بەباوەڕی من، هەموو بابەتەکە بەئەمریکا بەسترابوەوە کاتێك کە بڕیاریدا هێزەکان لەسوریا بکشێتەوە ئەوەش وایکرد ئەندامێکی دیکەی ناتۆ بڕیاریدا هێرش بکاتەسەر ئەو هێزانەی کە هاوبەشی ئێمەبون لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش."

سەرۆکی فەرەنسا راشیگه‌یاند، بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیاو بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببنەوەو بارودۆخی سوریاو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ بكه‌ن. 
 
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×