بەڕێوبەریی خۆسەر: داوا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین توركیا ناچاربكەن پابەندی رێككەوتنەكە بێت
  2019-10-19       544       

بەڕێوەبەریی خۆسەر لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا داوا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان و هەروەها ئەمریكا وەك پشتیوانكاریی رێككەوتنی ئاگربەست دەكات، گوشار لە توركیا بكەن بۆ راگرتنی هێرشەكانی بۆسەر خەڵكی مەدەنی و ناچاركردنی بە پابەندبون بە رێككەوتنی ئاگربەستەوە.


ئاوێنە: هاوسەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەر، ئەمڕۆ شەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی لەسەر دواپێشهاتەكانی باكوری سوریا خستەڕو.
بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە تەواوی جیهان دەستدرێژییە دڕندانەكەی توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبینێت كە ئەو میلیشیایانە لە ناوچەكانی ئیدلب، عەفرین و ئیعزاز-ەوە هێنراون و بە پێشێلكردنی تەواوی بنەما یاسایی و ئەخلاقییەكان لەو ناوچە داگیركراوانە ناسراون ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتەكانی رێكخراوە مرۆیی و مەدەنییەكان.

بەپێی بەیاننامەكە ئەو هێرشەی توركیاو هاوپەیمانەكانی تا ئێستا بۆتە مایەی ئاوارەبونی 300 هەزار كەس و شەهیدبونی زیاتر لە 235 هاوڵاتی مەدەنی كە لەنێویاندا 22 منداڵ هەن و هەروەها برینداربونی 677 هاوڵاتی دیكە جگە لە دەیان شەهیدی ژێر داروپەردوی باڵەخانە روخاوەن و ئەو بریندارانەی كە لە شاری سەرێكانی و دەوروبەری گەمارۆدران.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەو رێككەوتنەی نێوان ئەمریكاو توركیا كە رۆژی 17ی ئەم مانگە راگەیەندارا بۆ ئاگربەست لەباكوری سوریا بۆ ماوەی 120 سەعات، هەسەدەو بەڕێوەبەریی خۆسەر پێشوازیان لێكرد ئەوەش لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەك و لەپێناو دورخستنەوەی ناوچەكە لە كارەساتێكی مرۆیی.

ئاماژەی بەوەشداوە كە دوای تێپەڕبونی دو رۆژ لە پابەندبونی هەسەدە بە ئاگربەستەكەوە بەڵام سوپای توركیاو چەتەكانی هێشتا هێرشە چڕەكانیان بە هەمو جۆرە چەكێكی قورسی وەك فڕۆكەو تۆپ بۆ سەر شاری سەرێكانی و دەوروبەری رانەگرتوە ئەوەش بە ئامانجی كۆمەڵكوژی.

ئاشكراشیكردوە كە تا ئێستا بۆردومانەكانی توركیا بەردەوامن و لەماوەی ئەم دو رۆژەو لەكاتی راگەیاندنی ئاگربەستەكەوە لەئاكامی بۆردومانی فڕۆكەو تۆپخانەكانی توركیا 17 هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون و 24 بریندار هەن و ژمارەیەكی زۆریش لەژێر داروپەردوی روخاوی ماڵەكانیاندان.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە تیمەكانی فریاكەوتن نەیانتوانیوە بگەنە ئەو جێیانە بۆردومان كراون بۆ دەرهێنانی تەرمی ئەوانەی شەهید بون و بەهاناوەچونی برینداران چونكە سوپای توركیا تیمە پزیشكییەكان و تیمەكانی فریاكەوتن دەكاتە ئامانج و هێشتاش شاری سەرێكانی گەمارۆدراوە.

لەكۆتایی بەیاننامەكەدا بەڕێوەبەریی خۆسەر داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و هەروەها ئەمریكا وەك پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكات كە گوشار لە توركیا بكەن بۆ راگرتنی هێرشەكانی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ناچاری بكەن پابەند بێت بە رێككەوتنە راگەیەندراوەكەوە لەپێناو راگرتنی رژانی خوێن كە تا ئێستا لە سەرێكانی بەردەوامە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×