ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌ رۆژئاوای كوردستان بانگه‌وازێكی به‌په‌له‌ ئاراسته‌ی هاوڵاتیان ده‌كات
  2019-10-19       2285       
ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌ رۆژئاوای كوردستان بانگه‌وازێكی به‌په‌له‌ی ئاراسته‌ی هاوڵاتیان كرد و داوای لێكردن له‌ ناوچه‌ی ته‌لته‌مر كۆببنه‌وه‌ بۆڕزگاركردنی برینداره‌كان.

ئاوێنه‌: ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌ كانتۆنی جزیره‌ له‌ بانگه‌وازه‌ به‌په‌له‌كه‌یدا داوای له‌ هاوڵاتیان كردووه‌ بۆ رزگاركردنی بریندار و هاوڵاتییه‌ گه‌مارۆدراوه‌كانی ناو شاری سه‌رێكانی، هاوكاری بكه‌ن و به‌ره‌و ئه‌و شاره‌ بڕۆن،بانگه‌وازه‌كه‌ بۆ هاوڵاتیانی ناوچه‌ی ته‌لته‌مر بووه‌ كه‌ هه‌وڵ بده‌ن كۆببنه‌وه‌ و به‌ره‌و شاری سه‌رێكانی بڕۆن و هاوكاربن له‌ رزگاركردنی برینداره‌كان و ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌و شاره‌  كه‌ له‌لایه‌ن سوپای توركیا و میلیشیاكانیه‌وه‌ گه‌مارۆ دراون.

بەپێی بەیاننامەكە ئەو هێرشەی توركیاو هاوپەیمانەكانی تا ئێستا بۆتە مایەی ئاوارەبونی 300 هەزار كەس و شەهیدبونی زیاتر لە 235 هاوڵاتی مەدەنی كە لەنێویاندا 22 منداڵ هەن و هەروەها برینداربونی 677 هاوڵاتی دیكە جگە لە دەیان شەهیدی ژێر داروپەردوی باڵەخانە روخاوەن و ئەو بریندارانەی كە لە شاری سەرێكانی و دەوروبەری گەمارۆدران.

جێگه‌ی باسه‌ ،ماوه‌ی دوو رۆژه‌ توركیا به‌ ئاگربه‌ست له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا قایل بووه‌، به‌ڵام سوپای ئه‌و وڵاته‌ و ملیشیاكانی به‌رده‌وامن له‌ بۆردومانكردنی هاوڵاتیانی كورد و شه‌ڕڤانان به‌تایبه‌ت له‌ شاری سه‌رێكانی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×