2019-10-21   813     
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا باسی له‌وه کرد که وڵاته‌که‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ هێزی کوردی سووریا درێژه پێده‌دات به‌ڵام هێزه‌کانی له سووریا ده‌کشێنێته‌وه و له عێراق جێگیر ده‌بن.
ئاوێنه: مارک ئێسپه‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا رایگه‌یاند: هێزه‌كانیان نزیكه‌ی هه‌زار سه‌ربازن و له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌رجه‌میان بۆ خۆرئاوای عێراق ده‌گوازرێنه‌وه بۆ درێژه‌دان به شه‌ڕى دژى تیرۆر و داعش و "هاوکاری کردن له به‌رگری کردن له عێراق".
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند ''هێزه‌کانیان له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌کشێنێته‌وه. پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌و بڕیاره، تورکیا هێرشێکی به‌رفراوانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌ستپێکرد به‌ڵام له‌مدواییه‌دا تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر جێگیربوونی ئاگربه‌ستی کاتی رێکه‌وتنیان کرد و ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه که تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی کردووه ئه‌گه‌ر هێزی کوردی سووریا له سه‌ر سنووره‌کان به درێژاییی 500 کیلۆمه‌تر و قووڵاییی 30 کیلۆمه‌تری خاکی سووریا نه‌کشێنه‌وه ئه‌وا ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ده‌ست پێده‌کاته‌وه.
مارک ئێسپه‌ر له‌باره‌ی دۆخی ئاگربه‌ست یان ڕاگرتنی شه‌ڕ له باکووری سووریا وتی ''به گشتی ئه‌م ئاگربه‌سته ڕچاو کراوه''.
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته له باکووری سووریا وتیشی: ''کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانمان درێژه‌ی هه‌یه به‌ڵام مومکینه چه‌ندین هه‌فته‌ش بخایێنێت''.
ئێسپه‌ر له‌باره‌ی ڕاسپارده‌یی نوێی ئه‌و هێزانه پاش کشانه‌وه‌یان له سووریا ڕاشیگه‌یاند: ئه‌وان ده‌بێ به‌رگری له عێراق و به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژ به داعش بکه‌ن به‌ڵام به‌رپرسێکی تری ئه‌مریکی ڕایگه‌یاندووه ''مومکینه به‌رنامه‌که بگۆڕێت چوونکه دۆخه‌که ناجێگیره''.
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ''هێشتا ئه‌مریکا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هێزی کوردی سووریا ناسراو به یه‌په‌گه هه‌یه و ئه‌م هێزانه هێشتا پاسه‌وانی له گرتووخانه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان ده‌که‌ن که چه‌کدارانی داعشی تێیدا زیندانی کراوه''.