"پێویستە پەرلەمانی كوردستان لێكۆڵینەوە لەوە بكات كە محەمەد بە چ چەكێك توشی ئەو سوتانە بوە"
  2019-10-21       1703       

ئەندامێكی پەرلەمانەی كوردستان بەپێویستی دەزانێت پەرلەمان چاودێری تەندروستی ئەو منداڵەی رۆژئاوای كوردستان بكات كە بۆ چارەسەر هێنراوەتە هەرێمی كوردستان و لێكۆڵینەوە لەوەش بكات كە بە چ چەكێك توشی ئەو سوتانە بوە.

ئاوێنە: مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی رەوشی (محەمەد حەمید) ئەو منداڵەی لە رۆژئاوای كوردستان بەهۆی بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوەوە لەلایەن توركیاوە بەسەختی بریندار بو، لەڕاگەیەندراوێكدا وتی"سبەی‌ كە چومە پەرلەمان، سەردانی سەرۆكی پەرلەمان دەكەم و داوای لێدەكەم تیمێكی تایبەتیی پزیشكیی رابسپێرێت بۆ ئەوەی بەپەلە بچنە ئەو نەخۆشخانەیەوە كە ناوبراوی تێدایەو سەرەڕای هاوكاریكردنی نەخۆشخانەكە بۆ چارەسەركردنی ئازارەكەی، لێكۆڵینەوەی وردیش بكرێت كە بە چ چەكێك توشی ئەو سوتانە بوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەگەر زانرا توشبونی ئەم مناڵە بەو سوتاوییە بەهۆی چەكی فسفۆریی سپیی قەدەغەكراوەوەیە، ئەو كات بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی-ش لەمبارەیەوە زیاتر دەبێت".

دەقی راگەیەندراوەكە...

پێویستە پەرلەمانی كوردستان چاودێریی تەندروستیی محەمەد بكات

محەمەد، ئەو مناڵە كوردەی خۆرئاوای كوردستانە، كە چەند رۆژێكە بەهۆی بۆردمانەكانی سوپای توركیاوە، بەشێكی زۆری جەستەی سوتاوە و باس لەوەیش دەكرێت، لەو بۆردومانەدا، سوپای توركیا چەكی فسفۆڕیی سپیی قەدەغەكراوی بەكارهێناوە.

لە ئێستادا، محەمەد، كە یەكێكە لە قوربانییەكانی ئەم پەلامارەی توركیا بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری "دهۆك"دا، چارەسەری پزیشكیی وەردەگرێت. بۆیە، سبەینێ‌ كە چومە پەرلەمان، سەردانی سەرۆكی پەرلەمان دەكەم و داوای لێدەكەم تیمێكی تایبەتیی پزیشكیی راسپێرێت بۆ ئەوەی بەپەلە بچنە ئەو نەخۆشخانەیەوە كە ناوبراوی تێدایەو سەرەڕای هاوكاریكردنی نەخۆشخانەكە بۆ چارەسەركردنی ئازارەكەی، لێكۆڵینەوەی وردیش بكرێت كە بە چ چەكێك توشی ئەو سوتاندنە بوە.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسیارێتیی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان--یشە، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی ئەم مناڵە بكات، چونكە ئەگەر زانرا توشبونی ئەم مناڵە بەو سوتاوییە بەهۆی چەكی فسفۆریی سپیی قەدەغەكراوەوەیە، ئەوكات بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی-ش لەمبارەیەوە زیاتر دەبێت.

مەم بورهان قانع
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×