ورده‌كاریی رێككه‌وتنی روسیاو توركیا له‌سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان
  2019-10-22       3558       
ڤلادیمێر پوتن، رەجەب تەیب ئەردۆغان

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر كۆبونه‌وه‌ی‌ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا كۆتاییهات‌و له‌کۆنگرەی رۆژنامەوانییدا ورده‌كاریی كۆبونه‌وه‌كه‌و رێككه‌وتنی هه‌ردولا له‌سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان- باكوری‌ سوریا خرایه‌ڕو.

ئاوێنه‌: ڤلادیمێر پوتن ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌نێوان كوردو دیمه‌شقدا گفتوگۆ هه‌بێت‌و له‌ده‌ستوری نوێی سوریادا، مافی كورد جێی بكرێته‌وه‌و روسیا پشتیوانی له‌گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نی‌ نێوان كوردو دیمه‌شق ده‌كات.

وتیشی، له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتنی چاره‌نوسساز.

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌ردۆغان به‌وردی‌ ئامانجی‌ هێرشی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ ڕۆژئاوای‌ كوردستان- باكوری‌ سوریای‌ بۆ باسكردووه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگه‌یاند، له‌مه‌ودوا ده‌ورییه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ هاوبه‌شی‌ توركیاو ڕوسیا له‌ڕۆژئاوای‌ كوردستان -به‌قوڵای‌ 10 كیلۆمه‌تر له‌ناو خاكی‌ سوریا- بڵاوده‌بنه‌وه‌.

وتیشی‌، به‌پێی‌ ڕێككه‌وتنی‌ وڵاته‌كه‌ی‌‌و ئه‌مریكا پێوسته‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات -هه‌سه‌ده‌- تا نیوه‌رۆی‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، 30 كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر سنوری‌ توركیا-سوریا بكشێنه‌وه‌.

دواتر سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌. له‌ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌:

-له‌ كاتژمێر 12ی ئه‌مشه‌وه‌وه‌ تا 150 كاتژمێری دیكه‌، ئاگربه‌ست به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ناوچه‌ی ئارام‌و به‌قوڵی 10 كیلۆمه‌تری دیكه‌ بكشێنه‌وه‌.

-ئه‌و ره‌وشه‌ی دوای هێرشی‌ سه‌ربازیی سوپای‌ توركیا هاتۆته‌ ئاراوه‌، وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌.

-پۆلیسی سه‌ربازی روسیا رو له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆ چاودێریكردن‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان، جگه‌ له‌قامیشلۆ.


- هەردولا گرنگیی به‌رێککەوتننامەی ئەدەنە ده‌ده‌ن. فیدراسیۆنی روسیا لەهەلومەرجی پێویستدا ئاسانکاریی بۆ رێککەوتننامەی ئەدەنە دەکات.

- تەواوی ئەندامانی یەپەگە بەچەکەکانیانەوە لەمنبج‌و تەلڕەفعەت دەکرێنە دەرەوە.


-دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان، ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی سه‌ربازیی روسی‌و توركیی پێكده‌هێنرێن بۆ چاودێریكردنی ره‌وشی ناوچه‌كه‌. 

-هه‌ردو وڵات جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریاو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی‌ جیاخوازی ده‌كه‌نه‌وه‌.

9ی‌ ئه‌م مانگه‌ سوپای‌ توركیا هێرشی‌ بۆ سه‌ر رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌ستپێكردو به‌پێی‌ ئاماری‌ ریِكخراوه‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ، تائێستا ده‌یان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و هێرشانه‌وه‌ شه‌هید بون‌و سه‌دانی‌ دیكه‌ برینداربون، جگه‌ له‌ئاواره‌ بونی‌ زیاتر له‌ 200 هه‌زار كه‌سی‌ دیكه‌.

دواتر ئه‌مریكاو توركیا له‌سه‌ر ئاگربه‌ست‌و كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات -هه‌سه‌ده‌- به‌قوڵای‌ 30 كیلۆمه‌تر ڕێكه‌وتن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×