لەبەر ئامادەنەبونی عادل عەبدولمەهدی، كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا
  2019-10-31       598       

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڕیاریدا بە هەڵگرتنی دانیشتنەكەی پەرلەمان بەهۆی ئامادەنەبونی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە لەدانیشتنەكەداو جەختیشی كردەوە كە ئەگەر سەرۆك وەزیران نەیەتە پەرلەمان ئەوا پەنادەبەنە بەر رێكارە دەستورییەكان.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی هەڵگرت بەهۆی ئامادەنەبونی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە.

بەیاننامەكە لەزاری محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانەوە رایگەیاندوە، بەپێی دەقە دەستورییەكان دانیشتنی پەرلەمان ئەو كاتە گرێدەدرێتەوە كە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران ئامادەی دانیشتنەكە بێت و ئەگەر ئامادەش نەبێت ئەوا پەنادەبەنە بەر رێكارە دەستورییە پێویستەكان.

پێشتر محەمەد حەلبوسی لەدانیشتنەكەی پەرلەماندا رایگەیاندبو كە لەكاتی ئامادەبونی سەرۆك وەزیران لەپەرلەمان دانیشتنەكە بەشێوەیەكی ئاشكرا دەبێت و بۆ رایگشتی دەگوازرێتەوە.

حەلبوسی وتبوی"هەر كات سەرۆك وەزیران خۆی یان نوێنەری لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەبو، دانیشتنەكە بە ئاشكرا بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەكی راستەوخۆش بۆ رایگشتنی دەگوازرێتەوە."

جەختیشی كردبوەوە كە بە نوسراوی رەسمی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاگاداركردۆتەوە بۆ ئامادەبونی عادل عەبدولمەهدی لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا و تا ئێستاش چاوەڕێی وەڵامن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×