دوایین زانیاریەکان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەسرە
  2019-11-06       619       
داخستنی رێگە سەرەکییەکان کە بەرەو بەندەری ئوم قەسر دەڕۆن، لە یەک هەفتە تێپەڕبوون و خۆپیشاندانەکان بەردەوامن. تاوەکو دێت ژمارەی برینداران زیاتر دەبێت و پێداگری خەڵکی بەسرە لەسەر بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانیان توندتر دەبێت.

ئاوێنه‌: خەڵکی بەسرە بە دروشمی ترسنۆکەکان ئازادی دروست ناکەن، دەستیان کردەوە بە خۆپیشاندانەکان و دەڵێن، بە کەمتر لە گۆڕینی دەسەڵات، رازی نابین.

بەگوێرەی هەندێ سەرچاوەی میدیایی، لەماوەی ٢٤ کاژێری رابردوودا، لە سەرانسەری عێراق، لانیکەم ١٣ خۆپیشاندەر لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون یەکێك لەو کوژراوانە لە بەندەری ئوم قەسر بووە لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە ١٠ کەس.

ئەمە لەدوای نزیکەی یەک هەفتە دێت لە بەڵێنی حکومەتی عێراقی بە هێورکردنەوەی شێوازی وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندەرێک دەڵێت، ''با ١٠٠یان ٢٠٠ یان هەزار کەس لە ئێمە شەهیدبن، ببنە قوربانی نیشتمان، ئێمە هەر دەبێت ئەم حکومەتە بڕووخێنین، ئەوان ناتوانن ئێمە بترسێنن، ئێمە نە داگیرکارانمان دەوێت و نە ئێرانییەکانیش و نە حکومەتی ستەمکار، هیچ لایەنێکمان ناوێت کە عێراق داگیربکات''.

جگە لە داخستنی بەندەری ئوم قەسر لە باشووری بەسرە، خۆپیشاندەران خاڵی سنووری سەفوان لەنێوان عێراق و کوەیتیان داخستووە و وێڕای ناردنی هێزی ئەمنی زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە سەرەکییەکان کە بەرەو بەندەرەکە دەڕۆن، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، داخراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×