"رۆژانه‌ 80 تا 90 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی توركیا ده‌كرێت"
  2019-02-03       602       

سەرچاوەیەکی نزیک لەوەزارەتی دەرەوەی عێڕاق ئاشكرایده‌كات رۆژانه‌ 80 تا 90 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوك هه‌نارده‌ى توركیا ده‌كرێت و 280 هه‌زار به‌رمیلیش ده‌درێته‌ پاڵاوگه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا. 

ئاوێنه‌: ده‌رهێنانى نه‌وت له‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كانى كه‌ركوك به‌رده‌وامه‌، به‌شێكى له‌رێگه‌ى بۆریه‌ نه‌وتیه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ى توركیا ده‌كرێت، به‌شه‌كه‌ى تریشى ره‌وانه‌ى پاڵاوگه‌كانى هه‌رێم و عێراق ده‌كرێت.

نه‌جات حسێن ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"داهاتى نه‌وت بۆ هه‌مو عێراقیه‌كانه‌، بۆیه‌ به‌ پێى رێژه‌ى دانیشتوان به‌شى كه‌ركوك له‌داهاتى نه‌وتى عێراق ده‌درێت."

وتیشى"دانیشتوانى كه‌ركوك 4,2 ى كۆى دانیشتوانى عێراقه‌، بۆیه‌ گه‌ر 100 ملیار دینار له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ بۆ پرۆژه‌ ته‌رخان بكرێت، ئه‌وا 4 ملیارى بۆ كه‌ركوك ده‌بێت."

له‌لایه‌كى تره‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق، ورده‌كارى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى كه‌ركوكى بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا كرد كه رۆژانه‌ 80 تا 90 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوك هه‌نارده‌ى توركیا ده‌كرێت.

به‌پێى وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، رۆژانه‌ 280 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیش ده‌درێته‌ پاڵاوگه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا بۆ پاڵاوتن، وتى"ئه‌و پاڵاوگانه‌ى نه‌وتى كه‌ركوكیان بۆ ده‌روات، له‌ پاڵاوگه‌كانى كار، بازیان، قه‌یوان و بێجى و چه‌ند پاڵاوگه‌یه‌كى تر پێكهاتون."

ده‌رباره‌ى ئه‌و بڕه‌ نه‌وت و بانزینه‌ى رۆژانه‌ بۆ شارى كه‌ركوك ته‌رخان ده‌كرێت، نه‌جات حسێن، وتى"رۆژانه‌ ملیۆنێك و دوسه‌د هه‌زار لیتر بانزین و 750 هه‌زار لیتر نه‌وت بۆ كه‌ركوك ده‌بێت، باقى دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر پارێزگاكانى ترى عێراق دا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×