2019-11-07   1165     
پێنج سیناتۆری ئەمەریکی داوایان لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە بەدواداچوون لەبارهی بهردهوامی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کوردەکان لەدەرەوەی ڕێککەوتنەکەی ئەمەریکا و تورکیا بکات و ئەگەر ئەو هێرشانە پشت ڕاست کرانەوە تورکیا سزا بدرێت.
ئاوێنه: سیناتۆرە ئەمەریکییەکان کە لیندسی گراهام و کریس وان هالن لە نێوانیاندان لە نامەیهکدا بۆ مایک پۆمپێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانیی خۆیان لە درێژەی هێرشەکانی تورکیا و میلیشیا سوورییەکانی سەربەو وڵاتە بۆ سەر کوردانی سووریا دەربڕیوە، ئەو هێرشانە، کەبەوتەی ئەم پێنج سیناتۆرە لەدەرەوەی ئەو ڕێککەوتنەن کە ئەمەریکا و تورکیا باسیان لێوە کردووە.
ئەوان لە نامەکەیاندا ئاماژەیان داوە بەو ڕاپۆرتانەی کە هێرشی تورکیا و میلیشیاکان بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا پشت ڕاست دەکەنەوە کە ئەگەر بسەلمێندرێن بە واتای پێشێل کردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستە و ئەنقەرە دەبێت بەم بۆنەوە سزا بدرێت.
ئەم پێنج سیناتۆرە ئاماژەیش بە وتەکانی ترەمپ دەکەن کە چەندین بار باسی لە سزادانی تورکیا کردووە لە ئەگەری پێشێل کردنی ڕێککەوتنەکان و داوا لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان دەکەن ڕێوشوێنی پێویست لەمبارەوە بگرێتە بەر.
نوێنەرانی ئەمەریکی هەروەها باس لە هەوڵدان بۆ پەسەند کردنی گەڵاڵەیێک دەکەن کە لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانانی ئەمەریکادا بێت لەوان کوردانی سووریا.