سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: پریشکی خۆپیشاندانەكانی عێراق بەر هەرێمی كوردستانیش دەکەوێت
  2019-11-09       1937       
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت هۆشداریی ئەوەی داوە کە خۆپیشاندانەكانی عێراق كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر ژیان و ئاسایشی عێراقییەكان بەگشتی و پڕیشكیشی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت.

ئاوێنه‌: ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیێكدا لەگەڵ ئەلیس وڵبۆڵ جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و هەڵبژاردن لە عێراق ڕایگەیاند: "داواكارییەكانی خۆپێشاندەران لە عێراق پەیوەندییان بە كەمیی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵییەوە هەیە لە سێكتەرە جیاوازەكانی حكوومەتدا كە تایبەتن بە ژیان و گوزەرانی عێراقییەكان".

رێواز فایەق وتیشی، "بەردەوامیی خۆپێشاندانەكان كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر ژیان و ئاسایشی عێراقییەكان بەگشتی و پڕیشكیشی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت، هەروەها كار دەكاتە سەر لایەنی ئابووری و ئاسایشی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوەی ئەگەری ئاوارەبوون و ڕووتێكردنی هاووڵاتییانی هەرێمیش لە ئارادایە بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی كە خۆپێشاندان بەدوای خۆیدا هێناویەتی".

سەبارەت بە دوبارە نووسینەوە و هەمواركردنەوەی دەستووری عێڕاقیش، ڕێواز فایەق ڕایگەیاند، "دوبارە نووسینەوە و داڕشتنەوەی دەستوور لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا بكرێت باشترە لەوەی لە هەلومەرجێكی تەمومژاوی و ناسەقامگیر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێت لە لیژنە دەستوورییەكەدا مافی هەرێمی كوردستان و سیستەمی فیدڕاڵی و پەرلەمانی پارێزراو بن، هەروەها پێویستە نەتەوەیەكگرتوەكان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە پاراستنی هەرێمەكان و پێكهاتەكان لەو گۆڕانكارییە دەستوورییانەی كە دەكرێن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×