ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەکانی بەرپرسانی دەوڵەت کرد
  2019-11-09       473       
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنە خۆجێییەکان کرد کە بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

ئاوێنه‌: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆدا گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان (ئەنجوومەنە خۆجێییەکان) کرد لە لایەن حکوومەتەوە پێشکەشکراوە.

هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆی لەبارەی هەمواری یاسای خانەنشینی و پێشنیاری پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەکانی بەرپرسانی دەوڵەت کرد.

پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەکانی بەرپرسانی دەوڵەت مانگی رابردوو لە لایەن حکوومەتەوە پێشنیازکرا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی جیاوازی نێوان مووچەی بەرپرسانی باڵا و فەرمانبەره‌ ئاساییه‌كانی دیكه‌، هاوکات مەبەست لە پرۆژە یاساکە هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازات و دەرماڵەکانی دیکەی پلە باڵاکانی دەوڵەتە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنەکانی داهاتوویدا بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانە تا پەسندکردنیان و بوونیان بە یاسا.

لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد داوا لە ئەمیندارێەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ پەلەکردن لە ناردنی پرۆژە یاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی داهاتوو بە ئامانجی تاوتوێكردنی و پەسندکردنی.

هاوكات لەبارەی کەوتنەوەی کوژراو و بریندار لە خۆپیشاندانەکان، محه‌مه‌د حەلبوسی وتی: ''بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی خۆپیشاندەران رەتدەکەینەوە''.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد دەستپێشخەرییەک رادەگەیەنێت بۆ کۆکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی، و کەسانی ئەکادیمیی و مەرجەعییەتی ئایینی له‌پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، تاوتوێکردن و جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران بە بەشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو له‌رووی كاته‌وه‌.

لە ٢٥ تشرینی یەکەمی رابردووەوە جارێکی دیكه‌ خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق دەستیپێکردەوە و بەپێی دوایین ئامار کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا ٢٨٣ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٣ هەزار کەسی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×