بروسكە ئێرانییەكان: چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی دزەپێكراو هەژمونی ئێران لەعێراق روندەكەنەوە
  2019-11-19       4564       

ئا: ئاوێنە

 

چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی ئێران كە دزەیان پێكراوە، رۆڵی شاراوەی ئێران لە دەستوەردانە كاروباری عێراق و هەروەها رۆڵی بێوێنەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران لەو بڕیارانەدا ئاشكرادەكەن كە لە بەغدا دەدرێن.


بەڵگەنامەكان بەشێكن لە ئەرشیفی نهێنی هەواڵگری ئێران كە دەست ماڵپەڕی "زە ئینتەرسێپت" كەوتون كە هاوكات بە هاوبەشی لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی بڵاوی دەكەنەوە. 

نیویۆرك تایمز نوسیویەتی، لە ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، دۆخەكە لەبەغدا ئاڵۆزتر بو و هەستی توڕەیی خەڵك بەرامبەر بە توێژی سیاسی وڵات و گەندەڵی و دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق لەڕێگەی حیزب و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تارانەوە، زیاتر بو.

لە سایەی ئەو كەشوهەوا ئاڵۆزەی نێوان خەڵك و حكومەت، ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی بەنهێنی دێتە بەغدا، لەكاتێكدا كە خۆپیشاندەران رژاونەتە سەر شەقامەكان و دروشمی دژبە ئێران و خامەنەیی دەڵێنەوە.

ئامانجی سەردانەكەی سولەیمانی پشتیوانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و دانانی پلان بو بۆ سەركەوتكردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان كە هەڕەشەن لەسەر نفوزی تاران لەعێراق. سولەیمانی لە سەردانەكەیدا لەگەڵ "هاوپەیمانێك"ی لە پەرلەمان كۆبوەتەوە بۆ رازیكردنی بە پشتیوانیكردنی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەیدا.

بەڵام ئێستا بەڵگەنامەكان كە دەست "زە ئینتەرسێپت" كەوتون دەیسەلمێنن رۆڵی قاسم سولەیمانی لەعێراق گەورەتر بوە لە رێكخستنی هاوپەیمانییەكان لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا. تاران توانیویەتی تۆڕێكی هەواڵگری و بەكرێگیراو دروست بكات كە لە دامەزراوە سیاسی، ئابوری و تەنانەت لە دامەزراوە ئایینییە گرنگەكانی عێراقدا ئەو كەسانەی چاندون.

ئامادەكارانی لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكە توانیویانە، 700 لاپەڕە لە بەڵگەنامەی نهێنی ئێرانیان دەستبكەوێت بۆ ئامادەكردنی زنجیرەیەك لێكۆڵینەوە كە لە پێنج لێكۆڵینەوە پێك دێت.

هەروەها بەڵگەنامەكان سەدان راپۆرت و ئاڵوگۆڕی نامەو بروسكە لەخۆدەگرن كە لەماوەی ساڵانی 2014-2015دا كە لەلایەن ئەفسەرانی هەواڵگری و ئاسایش لە ئێران و ئەو كەسانەی لە مەیدانەكە كاردەكەن لە عێراق، نوسراون.

بەڵگەنامەكان چەردەیەك لەنێوخۆی رژێمی ئێرانەوە لەسەر چۆنییەتی سەپاندنی هەژمونی تاران بەسەر عێراقدا لەدوای ساڵی 2003ەوە دەخەنەڕو، ئاماژە بە سەركەوتنی ئێران بەسەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا دەكەن لە چەسپاندنی نفوزی خۆیدا لەناو عێراق، كاتێك واشنتۆن سەرقاڵی ئەوەبوە لەگەڵ لایەنە جیاجیاكان پشتیوانی سەقامگیری عێراق بكات، تاران كاری لەسەر جێگیركردنی قاچ و نفوزی خۆی كردوە بۆ ئەوەی چەند ئاڵنگارییەكی نوێ لە ناو عێراق بسەپێنێت.

 

كۆبونەوەكانی نێو كۆڵانە تاریكەكان و كڕینی دیاری

وەك هەر كارێكی دیكەی سیخوڕی، بەڵگەكان دەریدەخەن كۆبونەوەكان بەزۆری لە ناو كۆڵانە تاریكەكان یاخود ناوەندە بازرگانییەكان یاخود لەمیانی گەشتەكانی راوكردن و تەنانەت لە ئاهەنگەكانی لەدایكبوندا رێكدەخران.

سیخوڕەكان بەردەوام لە بۆسەدا بون بۆ سەربازە ئەمریكییەكان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی گەشتیان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی بەغداوە دەكرد. سیخوڕەكان وێنەی ئەمریكییەكانیان دەگرت و هەوڵیان دەدات گەشتە ئاسمانییەكان دەستنیشان بكەن كە دەكرا گەشتی ئاسمانی خاوەن تایبەتمەندی سەربازی بن.

بەڵگەنامەكان ئەوەش دەردەخەن كە چۆن سیخوڕەكان و بەكرێگیراوەكان چاویان بە بەرامبەرەكانیان بۆ بەرژەوەندی ئێران دەكەوێت، ئیدی بە دیاری وەك فستق، بۆن یاخود زەعفەرانەوە بێت یاخود بە پێشكەشكردنی بەرتیل بە بەرپرسانی عێراقی و تەنانەت كێشانی خەرجی ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق.

ئەرشیفە دزەپێكراوەكە راپۆرتی خەرجییەكان بۆ ئەفسەران لە عێراق لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا راپۆرتێك هەیە كە كۆی گشتییەكەی دەكاتە 87.5 یۆرۆ كە بۆ كڕینی دیاری بۆ فەرماندەیەكی كورد خەرج كراوە.

یەكێك لە بروسكەكان باسی لەوە كردوە كە عادل عەبدولمەهدی، كە لەسەردەمی رژێمی روخاوی سەدام حسێندا، لەتاراوگە لەنزیكەوە لەگەڵ ئێران كاری دەكرد، لەسەردەمی دوای 2003 پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ تاران هەبوە بەتایبەت كاتێك كە وەزیری نەوتی عێراق بوە لەساڵی 2014دا، بەبێ ئەوەی سروشی ئەو پەیوەندییە تایبەتە باس بكات.

یەكێك لە بەرپرسانی باڵای پێشوی ئەمریكا هۆشداری دابو كە پەیوەندی تایبەت لەگەڵ ئێران بە واتای زۆر شت دێت بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت كە بەكرێگیراوی ئێرانە. هاوكات هیچ سیاسییەك لەعێراق ناتوانێت ببێتە سەرۆك وەزیران بەبێ رەزامەندی ئێران، بۆیە كاتێك عادل عەبدولمەهدی لەساڵی 2018 كاندیدكرا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، وا سەیری دەكرا كە كاندیدی تەوافوقی ئێران و ئەمریكایە.

 

فەیلەقی قودس

 بروسكەكان دەریدەخەن، سوپای پاسداران بەدیاریكراویش "فەیلەقی قودس"، كە لەلایەن قاسم سولەیمانی-یەوە سەركردایەتی دەكرێت، سەرپەرشتی داڕشتنی سیاسەتەكانی ئێران لە عێراق و لوبنان و سوریا دەكات، كە سێ وڵاتن زۆرترین هەستیاریان بۆ ئێران هەیە، هەروەها دانانی باڵیۆزەكان لەو سێ وڵاتە، ئاسایی لەڕێگەی كەرتی دیپلۆماتییەوە نابێت بەڵكو بە پۆستی باڵا لە سوپای پاسدارانی ئێران دەژمێردرێن.

بەڵگەنامەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە "چاندن"ی ئەو بەرپرسە عێراقیانەی كە سەربە ئێرانن، كارێكی زۆر گرنگ بوە كە ئەو كارە بە دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لەو سەركردانەی كە سەر بە گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن بون لەسەردەمی سەدامدا، ئاسانكراوە.

قەیس قوڕەیشی، شیكەرەوەی سیاسی كاروباری عێراق و راوێژكاری حكومەتی ئێران لەعێراق، وتویەتی، ئێران سەرنجی لەسەر دانانی بەرپرسانی باڵا بوە لەعێراق و ئەوەشی خستۆتەڕو كە "ژمارەیەك هاوپەیمانمان لەنێو سەركردەكانی عێراق هەیە كە دەتوانین چاومان دابخەین و متمانەیان پێ بكەین."

 

بەدەستهێنانی سیخوڕەكان

دوای كشانەوەی ئەمریكا لەعێراق لەساڵی 2011، ئێران بەشێوەیەكی خێرا دەستی بەجوڵە كرد بۆ راكێشانی سیخوڕەكانی پێشوی "سی ئای ئەی" تا بۆ بەرژەوەندی تاران كاربكەن.

لەبروسكەیەكدا كە بەرواری لەسەر نییە، باس لەوە دەكات كە هەواڵگری ئێران دەستی كردوە بە پڕۆسەی بەدەستهێنانی سیخوڕێك لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەڵگەكە ئەوەی نەخستۆتەڕو كە ئاخۆ ئێران لەو هەوڵەیدا سەركەوتو بوە یاخود نا، هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە دەستی كردوە بە چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرچاوەیەكی گریمانەكراو بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت كە پاداشتی دارایی و زێڕ و چەند دیارییەكی دیكەی بۆ خراوەتەڕو و زانراوە كە كەسێكە دەتونێت دیدی هەواڵگری سەبارەت بە پلانەكانی ئەمریكا لەعێراق و تەنانەت سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ داعش، پێشكەش بكات.

چەند بەڵگەنامەیەك كە بەرواری مانگی 11ی 2014یان لەسەرە، باس لەوە دەكەن سیخوڕێكی عێراقی كە بۆ سی ئای ئەی ئەمریكی كاری كردوەو نازناوەكەی "دونی براسكۆ" بوە، دواتر كاری بۆ هەواڵگری ئێران كردوەو نازناوەكەی كراوە بە "سەرچاوەی 134992".

 "سەرچاوەی 134992" هەمو ئەو زانیارییانەی داوە بە ئێرانییەكان كە دەربارەی هەواڵگری ئەمریكا لەعێراق زانیویەتی: ناونیشانی ماڵە پارێزراوەكان، ناوی ئەو هۆتێلانەی كە تێیاندا بەكرێگیراوەكانی ئەمریكای دیون، وردەكاری ئەو چەك و ئەو مەشقانەی كە بینیونی، ناوی ئەو عێراقیانەی دیكە كە وەك سیخوڕ كاریان لەگەڵ كردوە. باسی لەوەش كردوە كە بەدرێژایی 18 مانگ كە لەگەڵ سی ئای ئەی كاری كردوە مانگانە نزیكەی سێ هەزار دۆلاری دراوەتێ، وێڕای ئەوەی پاداشتێكی 20 هەزار دۆلاری بۆ یەكحار لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكدا دراوەتێ.

لە بروسكەیەكی دیكەدا ئەفسەرێكی هەواڵگری عێراق بە هاوتا ئێرانییەكەی وتوە، ئامادەیە بۆ سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندی ئێران بەتایبەت لە پەیوەست بە چالاكییەكانی ئەمریكاوە لەعێراق، جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێران وڵاتی دوەممە."، هەروەك پێشی وتون، كە نامەیەكی سەرۆكەكەی لە بەغدا كە لیوا حاتەم مەكسوسی، فەرماندەیەكی هەواڵگری سەربازییە لەوەزارەتی بەرگری عێراقی، پێیە كە دەڵێت"پێی بڵێ ئێمە لەخزمەتتداین و هەمو ئەوەی پێویستتە لەبەردەستتدایە، ئێمە شیعەین و یەك دوژمنی هاوبەشمان هەیە."

هەروەك ئەو ئەفسەرە عێراقییە بۆ هاوتا ئێرانییەكەی ئەوەی خستۆتەڕو كە هەمو زانیارییەكی هەواڵگری سەبارەت بە سوپای عێراق دەخاتە بەردەستی، هەروەك ئەوەشی خستۆتەڕو كە دەتوانێت "بەرنامەی نهێنی بەئامانجگرتن"ی بداتێ كە ئەمریكییەكان داویانە بە عێراقییەكان و پێشی وتوە"ئەگەر لاپتۆپت هەیە بمدەرێ بۆ ئەوەی بەرنامەكەی لەسەر دابەزێنم."

 

ئەركی سیخوڕە ئێرانییەكان

وێڕای ئەوەی لێكۆڵینەوە بڵاوكراوەكە هەندێك لە بەڵگەكان بە "كۆمیدی و جێی پێكەنین" ناودەبات وەك هەڵكوتانە سەر پەیمانگای كولتوری ئەڵمانی لەعێراق لەلایەن سیخوڕە ئێرانییەكانەوەو هاتنەدەرەوەیان لێی بە دەست بەتاڵی، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە ئەو خەزێنەیە بكەنەوە كە گوایە ژمارەی نهێنی خەزێنەكەیان لابوە، چونكە وا دەردەكەوێت ژمارە نهێنییەكە هەڵە بوبێت، لەگەڵ ئەوەش بەشێك لە بەڵگەكان زۆر گرنگن بەتایبەت ئەوانەی كەسایەتی بەكرێگیراوان و سیخوڕەكانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئاشكرادەكەن كە خۆڕاگرو پڕۆفیشناڵ و شارەزان.

ئەركی سەرەكی سیخوڕەكان ئەمانە لەخۆدەگرێت: رێگرتن لە كەوتنی عێراق، رێگرتن لە بونی چەكدارانی سوننی لەسەر سنوری ئێران، نەوروژاندنی شەڕی مەزهەبی بەشێوەیەك كە مەزهەبی شیعە بكاتە ئامانجی توندوتیژی، رێگەگرتن لە چونە دەرەوەی كوردستان لەژێر چەتری عێراق كە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ئێران.

هەروەك سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی هەوڵی تێكشكاندنی داعش دەدەن بەڵام لەگەڵ ئەوەش رەچاوی ئەوە دەكەن عێراق وەك دەوڵەتێكی سەربە ئێران بمێنێتەوەو لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە لایەنە سیاسییەكانی سەربە تاران لەدەسەڵاتدا بمێننەوە.

 

مالیكی و عەبادی و جەعفەری

ئێران توانی پەرەسەندنی داعش لەپێناو فراوانكردنی بۆشایی نێوان ئیدارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، باراك ئۆباماو توێژی سیاسی لەعێراق، بقۆزێتەوە، كە ئەوەش لەو كاتەدا هانی سەرۆك ئۆبامای دا كە لابردنی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بكاتە مەرج بۆ نوێكردنەوەی پشتیوانی سەربازیی ئەمریكا بۆ عێراق.

راپۆرتەكە باسی لەوە كردوە، نوری مالیكی، كە ژیانی تاراوگەنشینی لەساڵانی هەشتاكاندا لەئێران بردۆتەسەر، لای تاران زۆر باشتر بوە لە بەدیلەكەی كە حەیدەر عەبادی بوەو لە بەریتانیا خوێندویەتی، ئەوەش وایكرد باڵیۆزی ئەوكاتی ئێران لەبەغدا، حەسەن دانایی فەڕ، كۆبونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ كارمەندانی باڵای باڵیۆزخانەكەدا ئەنجام بدات، وێڕای تێبینییەكانیان لەسەر عەبادی، بۆیان دەركەوت كە زۆرێك لە وەزیرەكان، بەتەواوی پشتیوانی دەكەن.

لە كۆتایی ساڵی 2014دا بروسكەیەكی ئیبراهیم جەعفەری، كە پێشتر سەرۆك وەزیران هەروەها وەزیری دەرەوە بوە، دەگاتە ئێران كە "پەیوەندییەكی تایبەت"ی لەگەڵ ئێران هەیە، هاوشێوەی پەیوەندی نێوان ئێران و عادل عەبدولمەهدی.

لە ساڵی 2014و 2015 كاتێك حكومەتی نوێی عێراق جێگیردەبێت، ستوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا زۆر چاوی بە سەلیم جبوری، سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان دەكەوێت. جبوری، وێڕای ئەوەی سوننەیە، بە بونی پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئێران ناسرابو. بەڵگەكان ئێستا دەریدەخەن یەكێك لە گەورە راوێژكارە سیاسییەكانی جبوری، ناسراو بە "سەرچاوەی 134832" لەبەڵگەنامەكاندا، یەكێك بوە لە سیخوڕە سەرەكییەكانی ئێران. ئەم سەرچاوەیە بە سەرپەرشتیارە ئێرانییەكەی خۆی وتوە"من رۆژانە لە نوسینگەكەی جبوری ئامادەم، بەوردی چاودێری پەیوەندییەكانی دەكەم لەگەڵ ئەمریكییەكان."

بەڵام جبوری لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، پێی وانییە هیچ یەك لە كارمەندەكانی بۆ ئێران كاری كردبێت، متمانەی تەواویشی بە یاریدەدەرەكانی هەبوە. بەڵام ستیوارت جۆنز رەتیكردۆتەوە هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات.

"سەرچاوەی 134832" هانی ئێرانییەكانی داوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ جبوری پەرەپێبدەن تا رێگە لە ئەمریكییەكان بگرن بۆ دروستكردنی توێژێكی نوێ لە سەركردە سوننە گەنجەكان لەعێراق. سەرچاوەكە هۆشداریشداوە كە دەبێت ئێران دەستبەكاربێت بۆ رێگرتن لە سەرۆكی پەرلەمان تا "هەڵنەخلیسكێت بەرەو هەڵوێستێكی پشتیوانیكەر لە ئەمریكا، چونكە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی جبوری، میسداقیەت و خێرا بڕیاردانە."

بەپێی یەكێكی دیكە لە بەڵگەنامەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لە مانگی 12ی 2014دا، لەبەغدا چاوی كەوتوە بە گەورە بەرپرسانی ئەمریكاو بەریتانیاو حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، دوای ئەوە بەپەلە چاوی كەوتوە بە بەرپرسێكی ئێرانی تا هەمو شتەكانی بۆ باس بكات.. لەڕێگەی وتەبێژێكییەوە، نێچیرڤان بارزانی وتویەتی، بیری نایەت چاوی بە هیچ بەرپرسێكی ئێرانی كەوتبێت لەو كاتەدا، بەڵگەكەشی بە "بێ بنەماو ناڕاست" ناوبردوەو جەختیشی كردۆتەوە، "بەتەواوەتی ئەوە رەتدەكاتەوە" كە ئێرانییەكانی لە وردەكاریی گفتوگۆكانی لەگەڵ دیپلۆماتكارە ئەمریكی و بەریتانییەكان ئاگاداركردبێتەوە.  

هەندێك كات ئێرانییەكان بایەخێكی بازرگانیشیان لەو زانیارییانەدا بینیوەتەوە كە لە سەرچاوە عێراقییەكانیانەوە دەستیان كەوتون. بەپێی یەكێك لە راپۆرتەكان لە راوێژكارەكەی سەلیم جبوری-یەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بایەخ دەدات بە گەیشتن بە كێڵگەیەكی دەوڵەمەندیی غازی سروشتی لە "عەكاس" لەنزیك سنوری عێراق لەگەڵ سوریا. ئەو سەرچاوەیە رونیكردۆتەوە كە ئەمریكییەكان هەوڵدەدەن لەكۆتاییدا غازی سروشتی رەوانەی ئەوروپا بكەن كە بازاڕی سەرەكی غازی سروشتی روسیایە. لەبروسكەیەكی دیكەدا بۆ تاران نوسراوە"پێویستە ئەو زانیاریانەی سەرەوە لەگەڵ روسیاو سوریا ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێت." ئەو بروسكەیە كاتێك نوسراوە كە روسیا بەشداریكردنی لەسوریا زیاتر كردوەو ئێرانیش بەردوامی داوە بە ناردنی سەربازیی زیاتر بۆ سوریا بۆ پشتیوانی لە ئەسەد.

لەگەڵ ئەوەی ئێران لەسەرەتاوە گومانی لە لایەنداریی عەبادی هەبوە، بەڵام بەپێی راپۆرتێك كە دوای چەند مانگێك لەگەیشتنی عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نوسراوە، ناوبراو ئامادەیی تەواوی هەبوە بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی نهێنی لەگەل هەواڵگریی ئێراندا. یەكێك لە راپۆرتەكان كە لە مانگی یەكی 2015 نوسراوە باس لە دیدارێكی تایبەتی نێوان عەبادی و ئەفسەرێكی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بەناوی "بروجردی" دەكات كە دیدارەكە لە نوسینەگەكەی سەرۆك وەزیران "بەبێ ئامادەبونی سكرتێر یاخود كەسی سێیەم" بەڕێوەچوە.

بەپێی بروسكەكە بروجردی لە دیدارەكەیدا لەگەڵ عەبادی باسی لە دابەشبونی سوننەو شیعە كردوەو رایگەیاندوە"ئەمڕۆ سوننەكان خۆیان لە خراپترین دۆخدا دەبیننەوە متمانەیان بەخۆیان لەدەست داوە...سونەكان ئاوارە بون، شارەكانیان وێران بون و ئایندەیەكی نادیار چاوەڕێیان، لەكاتێكدا شیعەكان دەتوانن متمانەیان بەخۆیان هەبێت."

بروجردی وتوشیەتی، شیعە لەعێراق "لە وەرچەرخانێكی مێژوییدان"، حكومەتی عێراق و ئێران دەتوانن "سود لەم دۆخە وەربگرن."

بەپێی بروسكەكە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەتەواوی هاوڕای بروجردی بوە. بەڵام عەبادی ئامادە نەبوە هیچ لێدوانێك لەسەر ناوەڕۆكی ئەم بروسكەیە بدات.

 

كایەی ئاسمانیی عێراق

بەڵگەنامەكان ئاشكرایان كردوە كە وەزیری گواستنەوەی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، بەكراوەیی هێشتنەوەی ئاسمانی عێراقی لەبەردەم فڕۆكەكانی ئێراندا پاراستوە، كە پێدەچێت بەكارهێنرابێت بۆ گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بۆ نێو خاكی سوریا بۆ پشتیوانیكردنی ئەو هێزانەی سەر بە ئێرانن لەوێ.

هەروەك ئاماژەشیان بەوەداوە كە وەزیری گواستنەوەی ئەو كات، خۆی لەبەرامبەر گوشاری ئەمریكییەكاندا بینیوەتەوە بۆ راگرتنی جوڵەی فڕۆكەوانی ئێران لە ئاسمانی عێراقدا، بەڵام هیچ كات نەچۆتە ژێر باری ئەو گوشارانە.



ئۆپەراسیۆنی "جورف ئەلسەخەر"

لەلایەكی دیكەوە چەند بروسكەیەك دەریدەخەن ئۆپەراسیۆنی شارۆچكەی "جورف ئەلسەخەر" كە لەساڵی 2014 بەڕێوەچو و "ناوچەكە لە بەكرێگیراوانی تیرۆریستان پاككرایەوە"و خانەوادە سوننییەكان راگوێزران و هێزە سەربازیەكان ماڵەكانیان كاولكردن و ئەوانەشی ماون كاولیان دەكەن، هەروەك دارستانی خورماكانی ناوچەكە بڕدراونەتەوە بۆ ئەوەی تیرۆریستان پەنایان بۆ نەبەن.

 

بونی ئەمریكا

 چەند بەڵگەنامەیەكی دیكە باس لە ترسی لەدەستدانی دەستكەوتەكانی ئێران لەنێو عێراق دەكەن چونكە عێراقییەكان رقیان لە میلیشیا شیعەكان هەڵساوەو قاسم سولەیمانی بۆتە رەمزێكی بە ئامانجگیراو، داواشیان كردوە هیچ وێنەیەكی سولەیمانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكرێتەوە.

ئەوەش ئاشكرایدەكات كە ئێران كۆنترۆڵی تەواوەتی میلیشیا شیعەكانی كردوە كە دیارییەك بون لە ركابەرەكەیەوە. یەكێك لە راپۆرتەكان باسی لەوە كردوە كە سیاسەتی ئێران لەعێراق وایكردوە ئەمریكا بەشەرعیەتێكی زیاترەوە بگەڕێتەوە، ئەو گروپ و تاكانەی نێو سوننەكان كە پێشتر دژبە ئەمریكا دەجەنگان ئێستا نەك لەگەڵ ئەوەن تەنها ئەمریكا بەڵكو تەنانەت ئیسرائیلیش بێتە عێراق و لە چنگی ئێرانییەكان بیانپارێزێت.

هەندێكجار ئێرانییەكان هەوڵدەدەن روبەڕوی ئەو ئیرادە خراپە ببنەوە كە بەرئەنجامی بونیی خۆیانە لەعێراق، ئەوەش بە گرتنەبەری هەڵمەتی نەرم لەپێناو گەڕاندنەوەی وێنە چاكەكەی ئێران لەنێو خەڵكدا. بەپێی راپۆرتێك ئێران پلانێكی داناوە بۆ ناردنی پزیشكی منداڵان و ژنان بۆ گوندەكانی باكوری عێراق بەمەبەستی ئیدارەدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان. بەڵام دیار نییە ئاخۆ ئەو دەستپێشخەرییە سەری گرتوە یاخود نا.

زۆر جار ئێران هەژمونی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ هەندێك گرێبەستی پەرەپێدانی قازانجدار. لەگەڵ ئەوەی عێراق پشتی بە ئێران بەستوە بۆ پشتیوانی سەربازی لە شەڕی دژی داعشدا، یەكێك لە بروسكەكان دەریدەخات، فەیلەقی قودس چەند گرێبەستێكی نەوتی لەلایەن كوردەكانی عێراقەوە پێگەیشتوە لەبەرامبەر چەك و هاوكاریدا. هەروەها لە باشوری عێراقیش چەند گرێبەستێكی ئاو و پاككردنەوەی ئاو دراون بە ئێران ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی دیكەی مەیدانی.

ئێستا ئێران هەوڵدەدات هەژمونی خۆی لە عێراق بپارێزێت، وەك ئەوەی ئەمریكییەكان دوای شەڕ لە ساڵی 2003 هەوڵیان بۆ دەدا. هاوكات بەرپرسانی عێراق هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەن كە ئیستیفزازكردن لەهەرلایەكەوە ببێتە هۆی هەڵایسانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریكادا لەپێناو هەژمون بەسەر عێراقدا. لەسایەی ئەم باكگراوندە جیۆسیاسییەدا، عێراقییەكان ماوەیەكی زۆرە فێربون كە پەیڕەوی لە رێبازێكی پراگماتیكی بكەن بەرامبەر بە دەستپێشخەری سیخوڕەكانی ئێران-تەنانەت سوننەكانیش كە ئێران وەك دوژمنێك سەیردەكەن، فێری ئەمە بون.

یەكێك لە ئەفسەرانی كەیسی ئێران لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014دا سەبارەت بە بەدەستهێنانی كارمەندێكی هەواڵگریی عێراق كە وا وەسفی كردوە بەعسی بوەو بۆ سەدام حسێن كاری كردوە و دواتریش بۆ سی ئای ئەی كاری كردوە، نوسیویەتی"تەنها ئەوانە نا كە باوەڕیان بە ئێران نییە بەڵكو ئەوانەش كە بڕوایان بەوە نییە كە ئێران نیازی باشی بەرامبەر بە عێراق هەبێت، كاریان بۆ دەكەن. ئەو سیخوڕێكی پرۆفیشناڵەو لە واقیعی ئێران و شیعە لەعێراق تێدەگات و بۆ رزگاركردنی خۆی هاوكاریان دەكات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×