لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ماوه‌ی‌ 45 ڕۆژ ده‌ده‌ن به‌عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی
  2019-11-19       502       
عادل عه‌بدولمه‌هدی

به‌رپرسێكی‌ كورد له‌به‌غدا ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ریِككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ 45 ڕۆژ بده‌ن به‌عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازیی. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، كورد پشتگیریی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات.

ئاوێنه‌: فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌غدا به‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ڕاگه‌یاندووه‌، "هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌كورده‌وه‌ له‌به‌غدا كۆبونه‌وه‌و تێیدا گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن كه‌ 45 ڕۆژ بده‌ن به‌سه‌رۆكوه‌زیران، عادل عه‌بدولمه‌هدی، بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازیی بكات".

وتیشی‌، "بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی له‌هه‌ر وه‌زیرێك، یاخود هه‌ر شوێنێك بكات هه‌مو ده‌سە‌ڵاتێكیشیان پێیداوه‌، هه‌ر چاكسازییه‌كیش پێویستی به‌یاسا بێت، په‌رله‌مان په‌سه‌ندی ده‌كات".

فارس عیسا ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتو نه‌بو، سه‌رۆكوه‌زیران بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێت‌و دواتر گۆڕانكاریی له‌حكومه‌ت‌و ‌په‌رله‌ماندا دەکرێت."

ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "كوردیش پشتگیریی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ دۆخی عێراق ئاسایی بێته‌وه‌و بۆ دۆخی پێشوتر بگه‌ڕێته‌وه‌و له‌هه‌موو بواره‌كاندا چاكسازیی بكرێت."

شەوی رابردو لەشاری‌ بەغدا سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رەوتی حیكمە، وەتەنییە، بەرەی رزگاركردن‌و گەشەپێدان، عەقد وەتەنی، بەرەی توركمانی كۆبونەوەو دواتر سەرجەم لایەنەکان ئیمزایان لەسەر وەرەقەیەکی سیاسیی کرد وەک نەخشەڕیگایەک بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی عێراق‌و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی شەقام‌و خۆپیشاندەران.


دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش، عادل عه‌بدولمه‌هدی‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق نامەیەکی ئاڕاسته‌ی‌ عه‌مار حه‌كیم،  سه‌رۆكی‌ ڕه‌وتی‌ حیكمه‌ کردو سوپاسی‌ كرد بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ی‌ ئه‌نجامیداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كان لەعێراق.

عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ له‌نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، "ئەو دەستپێشخەرییەی عەمار حەکیم گرنگە بۆ یه‌كڕیزیی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی‌ داواكاری‌ مه‌رجه‌عیه‌ت‌و هاوڵاتیانی ناڕازیی‌و چاکسازیخوازی عێراق".

عادل عەبدولمەهدی سوپاسی تەواوی ئەو لایەنە سیاسیانەی کردووە کە بەشداربون لەو ڕێککەوتنەداو بەهەنگاوێکی مێژویی ناوی بردووه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشوی عێراق، لەتویتێكدا رایگەیاند،"هەڵوێستمان جێگیرەو نەگۆڕاوە، بەمەرجی بنیاتنانی حكومەتی نوێ، واژۆمان لەسەر رێكەوتنی كوتلە سیاسییەكان لە 18/11/2019 كرد".

وتیشی، "ئێمە سورین لەسەر لێپرسینەوە لەحكومەتی ئێستاو سەندنەوەی متمانە لێی‌و دروستكردنی حكومەتێكی نوێ‌و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەیاسایەكی هەڵبژاردنی نوێ‌و كۆمسیۆنێكی بێلایەن".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×