"باشتر وایه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌هه‌ولێر ناوبنرێت كۆبونه‌وه‌ی لیستی برایه‌تی"
  2019-02-06       1060       

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پێی وایه‌ باشتره‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی رۆژی 18/2/2019ی ئه‌نجومه‌نه‌كه كه‌ بڕیاره‌ له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت ناوبنرێت كۆبونه‌وه‌ی لیستی برایه‌تی.

ئاوێنه‌: له‌دوایین كۆبونه‌وه‌ی باڵای نێوانیاندا، دوێنێ سێشه‌ممه‌ پارتی و یه‌كێتی بڕیاریاندا رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پارێزگاكه‌، له‌هه‌ولێر كۆببێته‌وه‌.

پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌رك ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام توركمان هێشتا هه‌ڵوێستی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كردوه‌.

محەمەد خزر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كوتله‌ی عەرەبی به‌ (كەركوك ناو)ی وتوه‌“ئێمە وەها بڕیارێك قبوڵناكەین، ئەمە چ رێككەوتنێكە ئەنجومەن لە كەركوك بێت و كۆبونەوەكانی لە هەولێر، هەروا بە ئاسانی بەم دوعایە ناڵێین ئامین، چونكە ئەو بڕیارە بە بڕیارێكی فاشل دەزانین و پێوه‌ی پابەندنابین”.

لای خۆیشییه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌فه‌یسبوك رایگه‌یاندوه‌؛ باشتر وایە کۆبونەوەکەی رۆژی ٢٠١٩/٢/١٨ له‌هه‌ولێر ناوبنرێت کۆبونەوەی لیستی برایەتی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ کۆبونەوەیەکی سەرکەوتوی ئەنجومەن لە کەرکوک، بۆ ئەوەی ھیچ بیانویەک نەمێنێ بۆ بەشدارینەکردنی ھیچ لایەنێک.
ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×