نێچیرڤان بارزانی: هەرێم دەیەوێت لەچوارچێوەی دەستوردا هه‌مو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات
  2019-02-06       1105       
‌نێچیرڤان بارزانی و جۆزێپی کۆنتی

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، رایگه‌یاند؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا هەمو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات.

ئاوێنه‌: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ جۆزیپی كۆنتی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا له‌چوارچێوه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ عێراق گه‌یشته‌ هه‌ولێرو له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ڕێم كۆبوه‌وه‌.

دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا، نیچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند"ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکارێکی سەرەکی بوە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان. هەم مەشق و راهێنان و هەم لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و سەربازی پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردوە  و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان هەبوە و بەردەوام کاری کردوە".

وتیشی"لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتمەند و لەژیر پاراستنی هێزێکی ئیتاڵیدا رۆڵێکی باشیان لە پاراستن و چاککردنەوەی بەنداوی موسڵ هەبوە و ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکەن".

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌شیان نێچیرڤان بارزانی وتی "لەم کۆبونەوەیەدا باسی پەیوەندی هەولێر و بەغدامان کردوە و جەختمان لەوە کردوەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا هەمو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات. دوپاتمانکردوەتەوە کە هەرێمی کوردستان پشتگیری لە حکومەتی جەنابی د. عادل عەبدولمەهدی دەکات و خوازیاری ئەوەیە کێشەکانی لەگەڵدا چارەسەر بکات".

هه‌روه‌ك وتیشی"باسمان لەدۆخی ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان کرد و داواکارین ئیتاڵیا بەردەوام هاریکار بێت لە هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستاندا. باسمان لە پرسی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە و جەختمان لەوە کردوەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستن و یارمەتیدانی هەمو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×