پارێزه‌رێك: دادوه‌ر ره‌تیكرده‌وه‌ زیندانیكراوانی كه‌یسی شیلادزێ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادبكرێن
  2019-02-07       873       

دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای دهۆک رەتی دەکاتەوە زیندانیکراون بە کەفالەت ئازاد بکرێن، پارێزەرێکی کەیسەکەش دەڵێت؛ دادوەر ئامادە نییە ئەو ماددە یاساییە بگۆڕێت کە ئاسایش بەسەر زیندانیاندا سەپاندویەتی.

ئاوێنه‌: رۆژی یەکشەممەی رابردو ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و تیمێکی پارێزەری خۆبەخش سەردانی ئاسایش و پۆلیسی دهۆکیان کرد بۆ بەدواداچونی دۆسیەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی خۆپیشاندان و گردبونەوەکانی ناحیەی شیلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک دەستگیرکرابون.

هوشیار شێرکاوەیی، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی دەستگیرکراوانی روداوەکەی شیلادزێ بە میدیای گۆڕانی وت؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە (7/2/2019) جارێکی دیکە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک رەتیکردەوە کە زیندانیکراوەکان بەکەفالەت ئازادبکرێن.

وتیشی"دادوەری لێکۆڵینەوە رەتیکردۆتەوە ئەو مادەیەی ئاسایش بەسەر زیندانیکراوانی سەپاندوە کە مادەی (156)ە لە یاسای سزدانی عێراقی ساڵی (1969) کە سزاکەیان لە سێدارە دانە بگۆڕدرێت بە یاسای خۆپیشاندان."

 

ئاسایشی دهۆک خۆپیشاندەرانی شیلادزێی بەپێی مادەی (156) لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی (1969) زیندانیکردوە کە باس لەوە دەکات "سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر کەسێکدا جێبەجێ دەکرێت ئەگەر بە ئەنقەست دەست بۆ سەربەخۆیی وڵات یاخود یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکەکەی بخاتە مەترسییەوە یاخود ببێتە هۆی ئەو کارە".

سەرجەم ئەو کەسانەی لەسەر هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گردبونەوەی ناڕەزایەتی دژی بۆردومانەکانی تورکیا و شەهید کردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەستگیرکرابون، ژمارەیان (25) کەس بوە، رۆژی یەکشەممەی رابردو حەوت کەسیان بە کەفالەت ئازاد کراون و (18) کەسیان ماون و رەوانەی گرتوخانەی چاکسازیی گەورانی دهۆک (زەرکا) کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×