لە خۆپیشاندانەکانی ئێران ١٥ پۆلیس برینداربوون و ٣٠ کەس ده‌ستگیركران
  2019-11-21       563       
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران، عابدین خوڕەم ئاشکرایکرد لە بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران لە شاری تەبرێز، ١٥ پۆلیس برینداربوون، ھەروەھا ٣٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

ئاوێنه‌: بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ئیسنا، عابدین خوڕەم بەمەبەستی قسەکردن لەسەر بابەتەکانی رۆژەڤ، لە شاری تەبرێز کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ئەنجامدا.

خوڕەم رایگەیاندووە: “٣٠ کەس لەو خۆپیشاندەرانەی لە میانی یاخیبوون لە شاری تەبرێز بەرەوڕووی ھێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، دەستگیرکراون. ھەورەھا ١٥ کەس لە ھێزە ئەمنییەکانیش لەو رووبەڕووبوونەوانەدا بریندار بوون”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان لە میانی خۆپیشاندانەکاندا زیانیان بە موڵکی گشتیی گەیاندووە.
 
– لە ئێران بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بووە ھۆی سەرھەڵدانی خۆپیشاندان
دانیشتوانی ئێران کە بەھۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە رۆژگارێکی سەخت لە رووی ئابوورییەوە بەڕێدەکەن، رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم، دوای راگەیاندنی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ ھێندە، لە زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

لە خۆپیشاندانەکاندا لە زۆرێک لە شارەکان موڵکی گشتیی زیانی پێگەیەنرا. حکوومەتی تاران لە دوای فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان، رۆژی شەممە ئینتەرنێتی لەسەرانسەری وڵاتدا بڕی.

دەسەڵاتدارانی ئێرانی بڵاویانکردەوە تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا پێنج کەس لە ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرێک گیانیان لەدەستداوە، ھەر پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ کەس دەستگیرکراون. بەڵام رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە لە ٢١ی شاری ئێران لانیکەم ١٠٦ کەس کوژراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×