وەزیری‌ نەوت: له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتوه‌وه‌ هه‌رێم 250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانە رادەستی‌ بەغدا دەکات
  2019-11-22       558       
وەزیری‌ نەوتی‌ عێراق ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتوه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هەرێمی‌ کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانە رادەستی‌ بەغدا دەکات.

ئاوێنه‌: سامر غەزبان، وەزیری‌ نەوتی‌ عێراق لەچاوپێکەوتنێکی‌ تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندوە، حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان پابەند دەبێت بەرادەستکردنی‌ 250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانە بەکۆمپانیای‌ بەبازاڕکردنی‌ نەوتی‌ عێراق -سۆمۆ- بۆ ئەوەی‌ لەرێگەی‌ بەندەری‌ جەیهانەوە بیفرۆشێت‌و داهاتەکەشی‌ وەک داهاتەکانی‌ دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بودجەی‌ گشتی‌ عێراق.

ناوبراو ده‌ڵێت، هەرچەندە دەبو پێشتر ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ رادەست بکرایە، بەڵام هەرێمی‌ کوردستان لەسەرەتاکانی‌ ساڵی‌ داهاتودا رۆژانە بڕی‌ 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی‌ حکومەتی‌ فیدراڵ دەکات، ئەوەش دوای‌ هاتنەئارای‌ لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم‌و ناوەند.

به‌وته‌ی‌ وەزیری‌ نەوتی‌ عێراق، حكومه‌تی‌ هەرێمی‌ کوردستان مانگی‌ رابردو 440 هەزار بەرمیل نەوتی‌ بەرهەمهێناوە.

به‌پێی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2019ی‌ عێراق، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پابه‌ندكرابو به‌ڕاده‌ستكردنی‌  250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانە بەکۆمپانیای‌ بەبازاڕکردنی‌ نەوتی‌ عێراق، به‌ڵام به‌هۆی‌ قه‌رزه‌ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ی‌ ڕاده‌ستی‌ به‌غدا نه‌كرد.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×