وەزیری نەوتی عێراق: هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل دەدات بەعێراق‌و 200 هەزار بەرمیلیش بەقەرزی کۆمپانیا بیانییەکان
  2019-12-01       1320       

ئا: ئاوێنە

 

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا هەرێمی كوردستان 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل دەداتە حكومەتی عێراق و 200 هەزارەكەی دیكەشی بەكاردەهێنێت بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا بیانییەكان.

سامر غەزبان بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، رێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی لەكۆبونەوەكانی ڤییەنادا كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچن، تاوتوێی زیادكردنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت دەكەن بە بڕی نزیكەی 400 هەزار بەرمیل رۆژانە بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی وڵاتانی رێكخراوەكە بگاتە 1.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

بەپێی رێككەوتنی رێكخراوی ئۆپیك و هاوپەیمانەكانی دەبێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە كانونی دوەمی ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی ئازاری داهاتو كەم بكەنەوە.

وەزیری نەوتی عێراق لەو بارەیەوە وتی، عێراق پابەنددەبێت بە كەمكردنەوەی بەرهەمەوەو لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش لەسەر سەقفێكی بەرهەمهێنان رێكدەكەون.

ئەوەشی خستەڕو كە رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان سەقفی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم دیاریكردوە كە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت و لەوەش هەرێم 250 هەزار بەرمیلی دەداتە حكومەتی عێراق و 200 هەزار بەرمیلەكەی دیكەشی بەكاردەهێنێت بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان.

وەزیری نەوتی عێراق جەختیشی كردەوە كە خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەكە كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×