"کوڕەکانی تاڵەبانی‌و کۆسرەت رەسوڵ لەگفتوگۆدان بۆئەوەی بەتەوافق بچنە ناو کۆنگرە"
  2019-12-05       8292       

ئا: ئائوێنە


جەواد سەعید. راویژکاری پەرلەمانی کوردستان‌و پێشمەرگەی دێری‌ن‌و کادێری پێشوی یەکێتی لەم گفتوگۆیەی ئاوینەدا دەڵێت "بافڵ‌و قوبادو لاهور ھەرسێکیان دەچنە بەرزترین ھەڕەمی دەسەڵات".


ئاوێنە: بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەی تا ئێستا لەناو یەکێتیدا کراون ماڵی مام جەلال لەپێشەوەن، بۆچی؟
جەواد سەعید: تا ئیستا ھەڵبژاردن تەنیا لەکۆمیتە و مەکتەبەکان کراون، جارێ ھەڵبژاردنی مەڵبەندەکان ماون، تا ھەڵبژاردنەکان تەواو نەبن نازاندرێ کام لایە زۆرینەیە، لەلایەکیتریشەوە ئەوانەی بە ھەڵبژاردنەکان دەچنە کۆنگرە، ٣٥٪ی بەشداربوانی کۆنگرە پێکدەھێنن. لەململانێی سیاسیدا یان ھێزو پارە یان فکرو پڕۆژە کێبڕکێ یەکلایی دەکاتەوە، ھێزو پارەکەش لەبندەستی کەسە نزیکەکانی مام جەلالن.

ئاوێنە: هەر بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەی کە کراون بۆ کۆنگرە تا ئێستا باڵی کۆسرەت رەسوڵ براوە نییە، هۆکارەکەی چییە؟
جەواد سەعید: بەبڕوای من، ھەریەک لەکاک کۆسرەت و ماڵی مام جەلال، براوە بن یان دۆڕاو ئەوا ھەردوکیان دۆڕاون، چونکە یەکێتی نە لەئێستادا پڕۆژەو ستراتیجی ھەیە نە لەداھاتوشدا دەیبێت گەر لەسەر ئەو ریتمە بەردەوامبن. یەکێتی ماوەیەکی زۆرە لەقەیرانێکی قوولی ئایدۆلۆژی و بەڕێوەبردندایە. بەڵام ئەگەر قسە لەسەر براوەو دۆڕانی ماڵی مام جەلال و کاک کۆسرەت بکەین ئەوا دەمەوێت بە پێشەکییەکی مێژوویی وەڵامتبدەمەوە، جاران کاک نەوشێروان و کاک کۆسرەت دوو کەسایەتی بەھێزی یەکێتی بوون ھەردووکیشیان لەدوو زەمەنی جیادا کاریگەری تەواویان لەسەر مانەوەو گەشەی یەکێتیدا ھەبووە، بەیەکەوە ٧٠٪ی ھێزی سەربازیی و جەماوەری یەکێتییان لەبندەستبوو کەچی ئەوکات پێموتن ئێوە نامۆن لەناو یەکێتی. 
ساڵی (١٩٩٧)، کاتێک کاک کۆسرەت لەوپەڕی بەھێزیدابوو، ھاوینی ھەمان ساڵ بەسەردانێک ھاتە لەندەن، ئەوکات کاک نەوشێروان لە یەکێتی دوورکەوتبۆوەو لە لەندەن دەژیا، کاک نەوشێروان چەند دەعوەتێکی بۆ کاک کۆسرەت و برادەرانی یەکێتی ڕێکخست، لەو دانیشتنانەدا ھەڵێکی باش ڕەخسا کە جارێکیتر وەکو ساڵانی ھەشتاکان ئەم دووانە پشتوپەنای یەکتربن، بەڵام ھێندەی نەبرد نزیکبونەوەکە درزی تێکەوت. ئەوکات بە کاک کۆسرەتم وت ئەگەر لەگەڵ کاک نەوشێروان تەبا نەبن ئەوا ھەرجارەو یەکێکتان پەراوێز دەخەن، دواتر ھەمان قسەم بە کاک نەوشێروان وت، لەوەڵامدا وتی من لێرەم ناگەڕێمەوە کوردستان چونکە ناتوانم ئیش لەگەڵ ئەو مەکتەب سیاسییە بکەم، پاشان، ساڵی (١٩٩٩) ھێندرایەوە بۆ تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ کاک کۆسرەت، ئەوەبو سەرەتا کاک نەوشێروانیان دەرپەڕاند، ئێستاش ھەوڵەکان بۆ پەراوێزخستنی کاک کۆسرەت چڕبۆتەوە، واتە ھۆکاری سەرەکی لاوازبونیان ململانێی ئەم دوو کارەکتەرە سەرەکییە بوو کە بووە ھۆی ئەوەی پەراوێز بخرێن و یەکێتیش بچوک بێتەوە. ھۆکاری دووەم، کاتێک مام جەلال نەخۆشکەوت، کەسە نزیکەکانی بەنایاسایی و نائاسایی بەقازانجی خۆیان ئاڵوگۆڕیان لە ئۆڕگانەکانی یەکێتیدا کرد، بۆئەوەی ئەنجامی کۆنگرە بە قازانجی ئەوان بشکێتەوە. 

ئاوێنە: هاتنە پێشەوەی کوڕی سەرکردەکان‌ تا چەند زیان بەیەکێتی دەگەیەنێت؟
جەواد سەعید: ھەموو سەرکردەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست قۆناغی سەختو پڕ لە مەترسییان بڕیوە تا پێگەیشتوون، مەڵۆبەمەڵۆ خەرمانی مێژوویان کۆکردۆتەوە، بەڵام لەدووا ساتەکانی ژیانی سیاسیاندا لەبری ئەوەی لەخەمی حیزبدابن، خیزبیان کردۆتە قوربانی نەوەکانیان. نەوەکانیش لەبری ڕێز بۆ ماندوبون و ڕەنجی باوکەکان، ھەرچی ھەبوو بە(با)یان کردووە. لە کوردستانیش تا نەوەکان پێڕانەگەیشتبون، باوکەکان مێژوویان پاکتربوو و خاوەن پڕۆژەو ستراتیجی باشتربوون، ئەوە ئەوانبوون سنگیان دەکردە قەڵغان بۆ نیشتیمان، ئەوانبوون بوون کێوو دەشتی کوردستان نەما لەگەڵ دوژمن بەپیلی مەرگەوە نەڕۆن. بەڵام کە دەسەڵات کەوتە دەستی نەوەکان نە مێژوویانما نە ئارامی بۆ نیشتیمان، لەژێر دەسەڵاتی کوڕەکان، حیزب بووە ئامرازی کۆکردنەوەی پارە و پەراوێزخستنی تێکۆشەرەکان، لەبری داڕشتنی پلان و پڕۆژەی حیزب بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە، حیزبیان کردە مەدرەسەی تێکشکاندن و بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگە. سەبارەت بە زیانگەیاندن بە یەکێتی، دەمێکە لە ڕێگای کەینوبەین لەگەڵ ئەملاوئەولا بۆ دەستکەوتی شەخسی، دەستبەسەرداگرتنی سەروەتوسامانی حیزب و بە کۆمپانیاکردنی  و کڕینی ویژدانی کادیر و تۆخکردنەوەی گرژیەکانی نێو باڵەکان، زیانێکی گەورەیان لە یەکێتی داوە.

ئاوێنە: ئایا لەیەکێتیدا رێگە بەتەوریسی سیاسی‌و دوبارە کردنەوەی حوکمی بنەماڵە دەدرێت؟
جەواد سەعید: دەمێکە ڕێگا واڵاکراوە بۆئەوەی یەکێتی ببێتە حزبی بنەماڵە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەرەتادا جومگە ھەستیارەکانیان خستە ژێر کۆنترۆلی خۆیانەوە بەتایبەتی ھێزو پارە، لەڕاستیدا ئەوان پێیانوایە یەکێتی کۆمپانیایەکی قازانجبەخشە و بە میراتیش بۆیان ماوەتەوە، نەوەکان باوەڕیان وایە، تێکۆشەرەکان و کادیرە تازەکانی ئێستا، کرێکاری ئەو کۆمپانیایەن.. لە کۆنگرەی سێ (٢٠١٠)، ئەندامی کۆنگرە بووم، لە جموجۆڵ و تەگبیرەکانی پێش کۆنگرە، بۆم ئاشکرابوو کە یەکێتی بەرەو حزبی بنەماڵە ھەنگاودەنێت، بۆیە بەشداری کۆنگرەم نەکردو لە گۆڤاری لڤین چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کردم، زۆر بەڕوونی وتم ئیتر یەکێتیش بوو بە حزبی بنەماڵە. داخەکە لەوەدایە، خوێنی ھەزاران گەنجی ئەم نیشتیمانەیان ڕشت تەنیا لەبەر ئەوەی گوایە خۆیان حزبێکی مۆدێرن و پێشکەوتوون، پارتیش حزبێکی بنەماڵەیە..!

ئاوێنە: پێگەی هەریەک لەپافل‌و قوبادو لاهور لەناو یەکێتیدا چۆن دەبینیت؟
جەواد سەعید: ھەرسێکیان دەچنە بەرزترین ھەڕەمی دەسەڵات. 

ئاوێنە: ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەستی ئەم سێ کەسە یەکێتی نوێ دەبێتەوە؟ 
جەواد سەعید: نەخێر، پێموایە کوردستان بەرەو لەتبوون دەڕواو ململانێ کۆنەکان سەرھەڵدەدەنەوە. چارەنوسی یەکێتی و پارتیی بەرەو کوێ دەڕوات؟ چارەنوسی یەکێتی و پارتیی بەرەو دۆخێکی خراپ دەڕوات بەمەش دۆخی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. کێشەی نێوان یەکێتی و پارتیی (جەلالی و مەلایی) مێژوویەکی کۆنی ھەیە، لەوکاتەوە دەستپێدەکات، کاتێک (مەلا مستەفا)ی ڕەوانشاد لە روسیا دەبێت، (ھەمزە عەبدولا و مامۆستا برایم ئەحمەد)ی رۆحشاد، وەکو دووکەسی دیاری ناو پارتیی، لە کوردستان سەرپەرشتی حزب دەکەن، ئەوکات ھەمزە عەبدولا سکرتێری حزب دەبێت. لە غیابی سەرۆکی حزب (بارزانی)، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان ھەمزە عەبدولا و برایم ئەحمەد، بەرلەوەی بارزانی بگەڕێتەوە بۆ عێراق (١٩٥٨)، برایم ئەحمەد دەچێتە (چیکۆسلۆڤاکیا)ی جاران بۆئەوەی بارزانی ببینێت، لەو بینینەدا، ئیبراھیم ئەحمەد گلەیی لە ھەمزە عەبدولا دەکات و وا لە بارزانی دەگەیەنێت کە ھەمزە عەبدولا خەت مایلی حزبی شوعییە بۆیە دوای گەڕانەوەی بارزانی ھەمزە لە سکرتێری پارتیی لادەدرێ و مامۆستا ئیبراھیم دەکرێتە سکرتێر. پاشان مامۆستا ئیبراھیم لە ھەوڵێکی تریدا دەیەوێ بەڕە لەژێر پێی سەرۆکی حزبیش دەربھێنێت، ئیدی ھێدی ھێدی دەکەوێتە ململانێی بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە پێکدەھێنێت، ئیتر ناکۆکییەکان بەرەو دۆخێکی خراپ دەچن و بارزانی بەتەواوەتی نیگەران دەکەن. لەو بەینەدا مامجەلال دەوری ناوبژی دەبینێت و بەو ناکۆکییەی بارزانی و مامۆستا ئیبراھیم دڵتەنگ دەبێت و ھەوڵی چارەسەری کیشەکان دەکات. بەڵام مەکتەبی سیاسی بەجۆرێک مەغرور دەبن حساب بۆ بارزانی ناکەن و پێیانوایە زۆرینە لەگەڵ ئەوانن و بارزانی تەنیا عەشیرەتەکەی لەگەڵ ماوەتەوە. بەڵام دوواجار وادەرنەچوو. سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوەدەکەن، بارزانی، مام جەلالی زۆر خوشویستووە، بەھۆی پەرۆشی و ھەوڵەکانی بۆ چارەسەری ململانێکان، متمانەی زۆری پێکردووە و نامەو ئاڵوگۆڕی بیروڕای لە بەینی خۆی و باڵی مەکتەبی سیاسی پێسپاردووە، چەند جارێکێش داوای لێکردووە ببێتە سکرتێری حزب. بەڵام بە بەستنی کۆنگرەی (ماوەت) ناکۆکییەکان دەگەنە لوتکە و لە توانای چارەسەرکردنی بارزانی و مام جەلال دەردەچێت، لەم کۆنگرەیەدا (١٩٦٤)، بەبێ بەشداری بارزانی، باڵی مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی مامۆستا ئیبراھیم بە بەیاننامەیەک، بارزانی لە سەرۆکی حزب دەردەکەن، بەو بەیاننامەیە ھیچ ھەوڵێک بۆ بارزانی نامینێتەوە، بۆیە ھێزێک دەنێرتە سەریان، ئەوانیش خۆیان ناگرن و ڕوو لە ئێران دەکەن، دوای دووساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا (١٩٦٦) باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێک دژی پارتی دەکەن، پاشان ھەندێک لە ئەندامانی باڵی مەکتەبی سیاسی پەشیمان بونەوە و گەڕانەوە لای بارزانی و داوای لێبوردنیان کرد. بەم لێکترازانە براکوژی و دووبەرەکی لەناو بزوتنەوی کوردا دروستبوو کە تا ئێستاش درێژەی ھەیە. ئەگەرچی باڵی مەکتەبی سیاسی ناکۆکییەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ ناکۆکی فکری و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی حزب بەڵام لە ئەنجامدا دەرکەوت ناکۆکییەکان تەنیا ڕقوکینەبوون. ئەوەی جێگای سەرنجە لەماوەی (٣٠) ساڵدا دووجار ھەوڵی دوورخستنەوەی بارزانی دراوە، جارێکیان (١٩٦٤) بۆ بارزانی باوک، جاری دووەمیشیان (١٩٩٤) بۆ بارزانی کوڕ بەڵام لەھەردووجارەکەدا ھەوڵەکان بێئەنجامبوون، بارزانی (باوک و کوڕ) نەک ھەر دوورنەخرانەوە بەڵکو بەھێزتربوون. ئەم ناکۆییانە لەوکاتەوە تا ئێستا بە شێوەی جیاواز و لە کاتی جیاوازدا بەردەوامە، شەڕی کۆتایی ھەفتاکان تاکو ناوەڕاستی ھەشتاکانی شاخ، شەڕی ناوەڕاستی نەوەدەکان، ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر لێککەوتەی ئەم لێکترازانە بوون. بۆیە (مام جەلال)ی ڕەوانشاد لە دواساتەکانی تەمەنیدا ئەو لێکترازانەی بە ھەڵەی ژیانی سیاسی خۆی لەقەڵەمدا. بەدووری نازانم ھەمان مێژوو دووبارە ببێتەوە. کۆنگرە چارەسەری کێشەکانی یەکێتی دەکات؟ لە ئێستادا کێشەکان ئاڵۆزبووەو بەو ئاڵۆزییەوە بچنە کۆنگرە، ئەگەری لێکترازانێکیتری لێدەکەوێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر خۆیان ئاشتببنەوە، ئینجا لەگەڵ خوارخۆیان و جەماوەر ئاشتببنەوە، پاشان کادیرە دڵسۆز و پاک و ئەکادیمییەکان لەچەند سیمینارو دیبەتی ھەمەلایەنە، پلانو پڕۆژەو ستراتیجی یەکێتی دابڕێژنەوە، پارەو سامانی یەکێتی بگێڕنەوە و نەوەکان نەبنە حاکمی موتلەق، ئینجا کۆنگرە بە کادیری بەتواناو پسپۆر، دڵسۆزو پاک ببەستن. لە ئێستادا یەکێتی وەکو کۆمپانیایەک دەبینم، لایەک پێوەی ماندوو نەبووە و دەڵێ سەنەدەکەی بەناوی منەوەیەو بەشی کەسی پێوە نییە، لاکەیتریش دەڵێ ئێمە ڕەنجمانداوەو پێمانگەیاندووە، بۆیە بەشمان پێوەیە، ئەمە کێشە سەرەکییەکە، لەھەموو دانیشتنەکانیش قسە لەسەر پشکپشکێنەکراوە نەک پڕۆژەوە ستراتیج. 

ئاوێنە: ئایا تەوافقێک هەیە لەنێوان کوڕەکانی تاڵەبانی‌و کۆسرەت رەسوڵدا بۆ چونە ناو کۆنگرە؟ 
جەواد سەعید: ھێندەی من ئاگاداربم لە گفتوگۆدابوون بۆئەوەی بگەنە تەوافقێک بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ئەنجامێکی کۆنکریتی.

ئاوێنە: لەکۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتیدا پۆستی سکرتێری گشتی دەمێنێت؟ 
جەواد سەعید: ناوەکەی لەسکرتێرەوە دەگۆڕدرێت بۆ سەرۆک، ھێندەی من ئاگادارم میکانیزمەکەی بەتەوافق دەبێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ھیچ میکانزمێک ڕێکنەکەوتون. 


ئاوێنە: ئێران هیچ کاریگەرییەکی دەبێ لەسەر یەکلاکردنەوەی سەرۆکی داهاتوی یەکێتی‌و مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتییەکەی؟ 
جەواد سەعید: بێگومان کاریگەری دەبێت، کاریگەریەکانیشی بەقازانجی ئەو بەرەیە دەشکێتەوە کە لەڕابوردوودا ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ کردوون، ئەمە یەکێکە لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. 

ئاوێنە: ئەی چارەنوسی ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییانەی ئێستا چییانلێدێت؟ 
جەواد سەعید: ئەوانەی ھێزو پارەیان لەبندەستدایەو پێیانوایە یەکێتی بە میرات بۆیان ماوەتەوە و لەھەوڵدان ترۆپکی دەسەڵاتی یەکێتی وەرگرن، بەنیازن کش لەم ئەندام مەکتەب سیاسیانەی ئێستا بکەن. 

ئاوێنە: کەس ھەیە لەو ئەندام مەکتەب سیاسیانەی ئێستا، لە کۆنگرە وازبێنێت؟ 
جەواد سەعید: تەنیا کاک عەدنان موفتی ناوی دێت، ھۆکارەکەشی ئەوەیە پیاوێکی پاکە و لەگەڵ مەبادیئی خۆی ڕاستگۆیە. دڵنیام ئەویش ئەگەر نەوەی ھەبوایە نەیدەتوانی وازبێنێت!

ئاوێنە:  پارتی چ رۆڵێکی دەبێ لەسەر ئەنجامی کۆنگرەی یەکێت؟ 
جەواد سەعید: پێموایە پارتیی نایەوێت لەگەڵ یەکێتیدا بگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییە مێژووییەکان و پێیباشە ئەو گروپە ببنە خاوەنی یەکێتی کە بتوانێت لەگەڵیان تەبابێت.

ئاوێنە:  بۆچی یەکێتی و پارتیی لەسەر پرسەکانی بەغدا یەکدەنگ نین؟
جەواد سەعید: تا مامجەلال لە بەغدا بوو، ھەر کێشەیەک ھەبوایە بە تەلەفۆنێک لەگەڵ کاک مەسعود ڕێکدەکەوتن، بەڵام دوای دوورکەوتنەوەی مامجەلال ناوەندی یەکلاکردنەوەی پرسەگرنگەکان نەما و دەسەڵات کەوتە ژێر دەستی کەسە نزیکەکانی مامجەلال، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش نێوانی یەکێتی و پارتیی چووە قۆناغێکی خراپ و ئاڵۆز، لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش نێوانیان ھێندەیتر ئاڵۆزتر بوو و ڕێککەوتن و ھاوپەیمانەتیان بەرەو ھەڵوەشاندنەوە چوو. بەڕای من یەکێتی پێیوایە، پارتیی لە کوردستان شەریکی ناکات و تاکلایەنە بڕیار لەسەر پرسە گرنگەکان دەدات و لە بەغداش داوای یەکدەنگی لێدەکات، بۆیە یەکێتی ویستی لەڕێگای سەرۆککۆمارەوە پێگەی خۆی لە بەغدا بەھێزبکات و لە بەغداوە ڕێگە لە ھەوڵەکانی پارتیی بگرێت، بەڵام ھەموو ھەوڵەکانی سەرۆککۆمار بێسوودبوون و بوونە بڵقی سەرئاو، تەنانەت نەیتوانی پارێزگاری کەرکوک و وەزیرێک بۆ حزبەکەی وەرگرێت کە بەرکەوتەی یەکێتی بوون تەنیا توڕەبونی پارتی لێکەوتەوە، پارتیش پێیوابوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا داخکراوە نایەوێت جارێکیتر لەھەمان کونەوە داخی بکەنەوە، بۆیە پارتیی زوو کەوتە خۆیو ھەموو سەرەداوەکانی بەغدای ھێنایەوە بندەستی خۆی، لەڕاستیدا پارتیی نەدەبوو کاندیدی ھ
ەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، یەکێتیش نەدەبوو ئاوا پێداگری بکات لەسەر کاندیدکرنی دکتۆر بەرھەم، ھەوڵیاندابایە تا دەگەیشتنە کەسێک کە بە دڵی ھەردوولایان بوایە. 

ئاوێنە: ڕەخنەیەک لەناو یەکێتیدا ھەیە بەوەی ئەو دەستەجەمعییەی کە پێشتر بۆ کاری حزبایەتی ھەبوو، ئێستا نییە؟ 
جەواد سەعید: ئەم ڕەخنەیە تەنیا بۆ یەکێتی ڕاست نییە بەڵکو بۆ تەواوی حزبەکان ڕاستە بەڵام ڕێژەییە. جاران لەناو یەکێتی دا زۆربەی بڕیارەکان بە دەستەجەمعی دەدران، بەڵام ئێستا بڕیارەکان لە بندەستی نەوەکانە، بە پێچەوانەی جاران، لە ئێستادا زۆربەی پرسەکان لەدەرەوەی کۆبونەوەی فەرمی و دەستەجەمعی بڕیاریان لێدەدرێت. یەکێتی کادری زۆر پاکو دڵسۆزو بەتوانای تێدایە بەڵام بەھۆی پاکی و ڕاستگۆییانەوە پەراوێزخراون، ھیوادام لەم کۆنگرەیەدا ئەم کادرانە خاوەنی ڕاو ھەڵوێستی خۆیان بن و نەھێلن چیتر یەکێتی بەم دەردە ببردرێت و سزای گەندەڵکاران بدەن. خۆم زۆر بەداخم بۆ ئێستای یەکێتی، دوای سەدان داستان و ھەزاران شەھید، ئاوا بێشکۆ و ئیفلیج کراوە. کاک ئارام، خاڵە شیھاب، دکتۆر خالید، مامۆستا جەعفەر، ئیبراھیم عەزۆ، عەلی عەسکەری، ئازاد ھەورامی، حەسەن کوێستانی، عەبدولرەزاق و چەندان سەرکردەیتر لە پێناو کوردو یەکێتی شەھید دەبن، کەچی ئێستا ئەو تاقمە بوینە میراتگر کە جگە لە پارەو دەسەڵات چیتر نابینن!


جەواد سەعید
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×