وان.. پێنج هاوسه‌رۆك شاره‌وانی هەدەپە ده‌ستگیركران
  2019-12-06       515       

ئەمڕۆ هەینی، پێنج هاوسەرۆك شارەوانی هەدەپە لە وان دەستگیركران ئەوەش بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ "رێكخراوی تیرۆریستی".

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی توركیا(ئەنادۆڵۆ)، ئەمڕۆ هەینی لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی "تیرۆر"، ئەو پێنج هاوسەرۆك شارەوانییەی هەدەپە لە پارێزگای وان دەستگیركراون.

بەگوێرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیان دەستگیركراوەكان پێكدێن لە هەریەكە لە یڵماز شاڵان و لەیلا باڵكان، هاوسەرۆكانی شارەوانی بێگرو یەعقوب ئاڵماچ و دیلان ئۆرنجی، هاوسەرۆكانی شارەوانی قەلقەلی و هەروەها ئەركان ئاجار، هاوسەرۆكی شارەوانی ئەلباك.

پۆلیس ئەمڕۆ هەڵیكوتاوە سەر ماڵی ئەو هاوسەرۆك شارەوانیانەی هەدەپەو دوای پشكنینی ماڵەكانیان و دەستگیركردنیان گواستونیەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وان.

لە لایەکی دیکەوە لە شاری ئامەد-یش ناشیدە بولوت تەکین جان، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی باگلاری هەدەپە دەستگیر کراوە و رادەستی بەشی دژەتیرۆری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد كراوە.

ناشیدە لەگەڵ پێنج ئەندامی تری ئەنجومەنی شارەوانی ناوچەکە لە ٢٢ی تشرینی دوەم لە پۆستەکانیان دور خرابونەوەو قەیوم لە جێگایان دانرابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×