ئۆپیك‌و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت رێككەوتون لەسەر كەمكردنەوەی بڕی بەرهه‌مهێنانی‌ نه‌وت
  2019-12-06       359       
رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنه‌ری نەوت -ئۆپیك-و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت، رێككەوتون لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانی‌ نه‌وت بۆ نیو ملیۆن بەرمیلی‌ رۆژانە. وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقیش جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ کاریگەری لەسەر رێککەوتنی هەولێر - بەغدا نابێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەکۆبونەوەی‌ 177هەمینی‌ وەزیرانی‌ رێکخراوی‌ ئۆپیک‌و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت، كه‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ لەڤیەننا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌و وڵاتانه‌ رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانەكانیان بۆ 503 هه‌زار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانەو بڕیاره‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە بچێته‌ بواری‌ جێبەجێكردنه‌وه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق له‌باره‌ی‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، دوای رێککەوتنەکە عێراق نابێت لە 4 ملیۆن‌و 462 هەزار بەرمیل زیاتر نەوت بەرهەمبهێنێت.

له‌باره‌ی‌ كاریگه‌ری‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بڕی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق، ناوبراو وتی، رێککەوتنەکە بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی 2020 دەبێت‌و ئەوەش بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر رێککەوتنەکەی هەولێرو بەغدا نابێت.

پێشتر وەزیری‌ نەوتی‌ عێراق ڕایگه‌یاندبو كه‌ ڕێژه‌ی‌ بەرهەمهێنانی‌ نەوتی‌ عێراق بەهەرێمی‌ کوردستانەوە 4 ملیۆن‌و 513 هەزار بەرمیلە لەرۆژێکدا.

هاوكات له‌باره‌ی‌ بڕیاری‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بڕی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت، عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیەوە رایگەیاند، وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت بڕیاریانداوە بەكەمكردنەوەی رێژەی وەبەرهێنانەكانیان بۆ 503 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا.

وتیشی‌، به‌پێی‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ پشكی وڵاتانی ئەندام لەئۆپێك 372 هەزار بەرمیل‌و پشكی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت  131 هەزار بەرمیل دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×