سەرۆک کۆماری ئێران بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ی پێشکەشی پەرلەمان کرد
  2019-12-08       352       

سەرۆک کۆماری ئێران بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ كە بە پێنج تریلیۆن و ٦٣٨ ملیار و ٢٩٠ملیۆن ریال (١٣٤ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار) خەمڵنێدراوە، پێشكەش بە پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد.

ئاوێنه‌: بەپیی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی (ئیرنا)، حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، بوودجەی گشتی داهاتوو لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢٠ دەست پێ دەكات كە بوودجەی خۆڕاگری و بەرپەرچەدانەوەی سزا سەپێندارەكانی سەر ئێران دەبێت.

هاوکات سەرۆک كۆماری ئێران ئاماژەی بەوەیشكردووە كە ئەمریكا و ئیسرائیل شكستیان هێناوە لە پلانی توندکردنی سزاكان دژبە گەلی ئێران و وتوویەتی، ''بەپێی ئامارەكان، ئابووری ئێران بەشێوەیەكی باش گەشەی كردووە''.

بەپێی داتاكان، بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ی ئێران بە پێنج تریلیۆن و ٦٣٨ملیار و ٢٩٠ملیۆن ریال (١٣٤ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار) خەملنێدراوە كە تیایدا داهاتەكانی گشتی بە چوار تریلیۆن و ٨٤٥ ملیار و ٩٦٠ ملیۆن ریال و داهاتی كەرتەكان بە ٧٩٠ تریلیۆن ریال و بانك و دامەزراوە تایبەتەكان بە ١٤ تریلیۆن و ٨٣٠ ملیار ریال خەمڵێندراوە.

هەروەها بوودجەكە، فرۆشتنی پشك و سەندەكانی وەبەرهێنان بە ٩٨ تریلیۆن و ٨٠ ملیار ریال لەگەڵ فرۆشتنی پشك و سەندەكانی دارایی بە یەك تریلیۆن و ٢٤٠ ملیار ریال دەگرێتەوە، هاوكات داهاتەكانی باج و گومرك لە بوودجەكەدا، بە یەك تریلیۆن و ٩٥٠ ملیار ریال خەمڵێندراوە.

هەر لە چوارچێوەی بوودجەكەدا، حكوومەت چەكی پارە بە ٨٠٠ تریلیۆن ریال دەخاتەڕوو، جگە لەوەش لە بوودجەكەدا فرۆشتنی نەوت بە ٩٨٠ تریلیۆن ریال دیاریكراوە.

سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی، “بەپێی خەمڵاندنەكان، ئاستی ئابووری وڵاتەكەمان لەمساڵدا بەبێ‌ نەوت زیادبوون تۆمار دەكات كە لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٠ كۆتایی دێت و ئومێد دەكەین ئەو زیادبوونە بۆ ساڵی داهاتوویش بەردەوام بێت”.

حەسەن روحانی جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە بوودجەی گشتی ساڵی داهاتوو، پشتی نەبەستووە بە داهاتەكانی هەناردەكردنی نەوت كە تەنها لە پڕۆژەكانی ئاوادەنكردنەوە خەرج دەكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×