چاڵاکوانێکی مەدەنی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لە شاری کەربەلا کوژرا
  2019-12-09       430       

سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو، چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی دژحكوومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكانیان لە ناوەڕاستی شاری كەربەلا، كوشتووە.

ئاوێنه‌: بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیوەیستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، ''ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە ناوچەی باروودی ناوەڕاستی شاری كەربەلا دەستڕێژی گوللـەیان لە چالاكوانی خۆپیشاندانەكان، فاهم تائی كردووە كە بەهۆیەوە و دەستبەجێ ناوبراو گیانی لەدەستداوە''.

هاوكات لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە كامێرەكانی چاودێرەوەیەوە گیراوە، دیمەنی كەسێك دەبیندرێت كە دەوترێت فاهم تائی-ە و دوو كەسی دەمامكداری لێی نزیك دەبنەوە و دەستڕێژی گوللـەیان لێ دەكەن و دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێن.

بەڵام هێشتا ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە ئایە ئەو كەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەبیندرێت فاهم تائی-ە یان نا.

شایەنی باسە ئاماژە بەوە دەكرێت كە لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا، زنجیرەیەك كردەی كوشتن و رفاندن دژبە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجامدراون.

پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیكەی ٤٨٥ كەس كوژراون و ١٧ هەزاری دیكە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×