2019-12-14   1257     
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو بەشی کۆتاییی شەقامی 120 مەتریی ھەولێر بکرێتەوە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش چەند زانیارییەکی خستە روو.
ئاوێنه: ئەندازیار سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری شەقامی 120 مەتریی ھەولێر، بە ماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاند: "کارکردن لە دوایین بەشی شەقامی 120 مەتریی ھەولێر بەرەو کۆتاییە و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو ئەو بەشەی ماوە بە یەکجاری بە ڕووی ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە بۆ ھاتوچۆکردن".
سەرپەرشتیاری شەقامی 120ی مەتری وتیشی: "ئەو بەشەی ماوە لە شەقامی مووسڵەوە دەست پێ دەکات بۆ ڕێگای کەرکووک، بە درێژاییی 11 کیلۆمەترە و ئێستا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی دەکرێت و ناگەینە سەری ساڵ دەکرێتەوە".
ئەوەشی خستە روو، شەقامی 120 مەتری لەسەر بنەمای ستانداردی جیھانی بە شێوەیەکی ئەندازەییی پێشکەوتوو دروست کراوە و ھەموو خزمەتگوزارییەکی تێدایە، لەوانە جوانکاری و ھێماکان و لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی شۆفێران.