كەشناسی هەرێم: ئەمڕۆ و سبەی بەفرو باران بەردەوام دەبێت
  2019-02-16       843       

كەشناسی هەرێم رایگەیاند ئەمڕۆ شەممە لەزۆربەی كاتەكاندا لەشارەكانی باشوری كوردستان باران و لەناوچە شاخاوییەكانیش بەفردەبارێت و سبەی یەكشەممەش باران بارین بەردەوام دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەكان.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا باری كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی شارەكانی باشوری كوردستانی بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە ئەمڕۆ ئاسمانی شارەكانی باشوری كوردستان هەوری باراناوی دەبێت لەزۆربەی كاتەكاندا لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەمڕۆ ئەگەری هەیە بەفرێكی كەم شوێنە بەرزەكانی ناو شاری سلێمانی بگرێتەوە.

 

سەبارەت بە كەشوهەوای سبەینێش رایگەیاندوە كە ئاسمانی شارەكانی باشوری كوردستان هەوری تەواو دەبێت لەزۆربەی كاتەكاندا لەگەڵ بارینی باران بەشێوەی پچڕپچڕ لەهەولێر و هەروەها بارینی باران لە زۆربەی كاتەكاندا لەسلێمانی و كەركوك  بەڵام ئاسمانی دهۆك دواتر دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور لەگەڵ ئەوەش باران لەهەندێك كات و شوێندا دەبارێت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر سبەینێ بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەبارێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×