ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی گۆڕان و پارتی ئاشكراده‌كرێت
  2019-02-18       2669       

گۆڕان ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌دوای چه‌ند دانیشتنێكی دانوستانیی نێوان ئه‌و دو حزبه‌دا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ به‌ ره‌سمی ئیمزاكرا.

ئاوێنه‌: رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان ئاكامی حه‌وت كۆبونه‌وه‌ی دانوستانی نێوان ئه‌و دو حزبه‌ بو له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌یان په‌سه‌ندكرد.

ئه‌مڕۆش به‌ڕه‌سمی له‌ڕێوڕه‌سمێكدا رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ ئیمزاكرا.

میدیای ره‌سمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ ناوه‌ڕۆك و ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتون:

پێویستە هێزى پێشمەرگە و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ یەکبخرێنەوە و رێکبخرێنەوە.

هەمو ئەو یاسایانەى رەهەندى نیشتیمانیان هەیە بە سازانى هەردولا هەموار دەکرێن و دەردەچوێنرێن لە پەرلەمان.

کاراکردنى رۆڵى چاودێریى پەرلەمان و هەمو ئەو دەزگایانەى تایبەتن بە چاودێرى و پشکنین.

کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە.

بەرنامەى وەزارى کە کۆکراوەى بەرنامەى لایەنە بەشدارەکان دەبێت، لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.

بەرنامەى وەزارى دەبێت پرۆژەى هەمەلایەنەى سیاسى و یاسایى و ئابورى و دارایى و کارگێڕى لەخۆ بگرێت.

لە چوارچێوەى ئەنجومەنى وەزاریدا ئەنجومەنێکى باڵاى چاکسازى دروست بکرێت.

دیاریکردنى سەقفى زەمەنى بۆ جێبەجێکردنى هەر سێکتەرێک لەو سێکتەرانەى لە بەرنامە هاوبەشەکەماندا دێت، لە دۆخى ئاسایى و ئارامى سەقامگیریدا لە هەرێمى کوردستان.


حکومەتى هەرێم پابەندە بە دانانى سەقفى زەمەنى بۆ مادەى (140) و نەوت و غاز و بودجە و بودجەى پێشمەرگە.

ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ دۆخى پێش (10/6/2014).

حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان دەستەى دانوستان دروست دەکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا.

 

حکومەتى هەرێم پێداگرى دەکات لەپێناو چەسپاندنى پرەنسیپى هاوسەنگى و هاوبەشى راستەقینە و سازان لەسەر ئاستى عێراق و دامەزراوەکانى عێراق.

حکومەتى هەرێم پێداگرى بکات لەسەر ئەنجامدانى سەرژمێریى گشتى لە عێراق.

حکومەتى هەرێم پابەند دەبێت بە دامەزراوەیى و بە نیشتیمانیکردنى سەرجەم دام و دەزگاکانى هەرێم بە جۆرێک جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان مسۆگەر بکات.

حکومەتى هەرێم پابەندە بە نەهێشتنى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران و جێگیرکردنى بڕى پاشەکەوت لە ژمێرەى موچەخۆران و گەڕاندنەوەى ئەو پاشەکەوتە بە خشتەیەکى گونجاو.

حکومەتى هەرێم پێداچونەوە دەکات بەسەر لیستى موچەخۆران بەمەبەستى ساغکردنەوەى فەرمانبەرى راستەقینە لە موچەخۆر و خانەنشینان بۆئەوەى لیستى فەرمانبەران رێکبخرێتەوە لەسەر بنەماى میلاکى راستەقینە.

حکومەتى هەرێم بڕیار دەدات بە دامەزراندنەوەى گشت ئەو کەسانەى لەبەر هۆکارى سیاسى لەسەر کارەکانیان دورخراونەتەوە و سزاى جۆراوجۆر دراون.

حکومەتى هەرێم پابەندە بە تەرشیقکردنى حکومەت و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.

حکومەتى هەرێم پابەندە بە بەنیشتیمانى و دامەزراوەیى کردنى پەیوەندییەکانى دەرەوە.

پەیڕەوکردنى لامەرکەزى کارگێڕى و دارایى زیاتر بۆ پارێزگاکان.

جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە ئازادییەکان و جیاوازیەکان و دەستخستنى زانیارى بەپێى یاسا.

حکومەتى هەرێم و لایەنە سیاسییەکان پابەندن بە یەکپارچەیى و یەکگرتویى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×