وته‌بێژی یه‌كێتی: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دو ئیداره‌ییدا نین
  2019-02-21       2542       

وتەبێژی یەکێتی نشتیمانی کوردستان رایگه‌یاند؛ بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دو ئیدارەییدا نین و بەشێکی زۆری هەمو ئەو هەڵانەی دەیدەن و هەروەها ئەو نەرمیـیە سیاسیـیەی دەینوێنن بۆ ئەوەیە یەک ئیدارە لە هەرێمی کوردستاندا دروستبێت.

ئاوێنه‌: لەتیف شێخ عومەر، وته‌بێژی یه‌كێتی لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە هەڵویستی جیاوازی یه‌كێتی دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان، وتویه‌تی"هەر کاتێک یەکێتی بڕیاریدا گوژمێکی دیکە لە دانوستان لەگەڵ برادەرانی پارتی دەست پێ بکاتەوە لەوێدا ڕایدەگەیەنین."

به‌پێی قسه‌ی له‌تیف شێخ عومه‌ر به‌شێكی ئەو کێشەو ململانێیەی نێوان حزبه‌كه‌ی و پارتی پەیوەندی بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە هەیە به‌ڵام بەشە‌ زۆرەکەی لەسەر کەرکوك و بەرنامە سیاسیەکەیانە کە دەیانەوێ لەگەڵ پارتی له‌سه‌ری رێكبكه‌ون و بیكه‌ن به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پەیوەندیەکانیان بۆ شێوەی بەڕێوەچونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ سیاسەتەکانیان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ بەغدا.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ پارتی ده‌وێت به‌ دیاریكراوی چییه‌، له‌تیف شێخ عومه‌ر وتویه‌تی"ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ پارتی بەشێوەیه‌ك رێکبخەینەوە بۆ چوار ساڵی داهاتو کە لەپشتیەوە رێككه‌وتنی سیاسی بۆ هەمو پرسه‌كانی پەیوەست بە جومگەکانی حوکمڕانی لە کوردستان و مسوگەرکردنی شەراکەتێکی ڕاستەقینە لە حوکمرانی سیاسی کوردستاندا بۆ ئێمە و لایەنە سیاسیەکانی دیکەش لەگەڵ پارتیدا مسوگەر بکات. دەمانەوێ سیاسەتێکی ڕون و ئاشکرامان هەبێت لەگەڵ پارتیدا وەکو سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە کەرکوک و ناوچە جێناکوکان. دەمانەوێ سیاسەتێکی ڕون و ئاشکراو یەکگرتومان هەبێت کە سیاسەتی حکومەتی هەرێم بێت بەرامبەر بە پەیوەندیەکانمان و شێوەی ئیدارەدانی پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ دوای دروستبونی ئەو کێشەو گرفتانەی نێوان یه‌كێتی و پارتی، کادیرانی هەردو حزبەکە زور باسی دو ئیدارەیی دەکەن ، ئایا بژاردەی یەکێتیە لە کاتێکدا ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ پارتی، له‌تیف شێخ عومه‌ر، وتویه‌تی"ئەگەر هەر کەسێکی بە ویژدان بە مێژودا بچێتەوە دەبینێت کە لەپێناوی هەڵگرتنی دو ئیدارەیی و دروستبونی ئیدارەیەکی هاوبەش کە تەعبیر لە هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات قوربانیەکی زۆر زۆرمان داوە. کاتی خۆیشی وەکو ئەمرێکی واقع قبوڵمان کردوە ئەگینا زور دژی بوین و لەگەڵی نەبوین.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌"ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ دو ئیدارەییدا نین و پێمان وایە ئەوەی کە ئەو هەمو هەوڵەی دەیدەن ئەو هەمو نه‌رمییه‌ی دەینوێنین لەڕوی سیاسیەوە بۆ رێکەوتن لەگەڵ پارتی بەشێکی زۆری ئەوەیە کە دو ئیدارەیی تێپه‌ڕێنین و یەک ئیدارە دروست بێت."

له‌تیف شێخ عومه‌ر ره‌تیكردۆته‌وه‌ كه‌ كێشه‌یان هه‌بوبێت له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وتویه‌تی"ئەوە‌ بۆ‌ پەردە پۆشکردنە، ئێمە کێشەیەکمان نییە بەناوی کێشەی کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، کێ دەبێتە جێگری سەرۆکی وەزیران، کێ هەرچی پۆستێکی دیکە وه‌رده‌گریت، چونکە سەرکردایەتیەکمان هەیە موخەوەلە بە‌تەسکیە بێت یاخود بە هەڵبژاردن بێت ئەو پۆستانە بە چەند سەعاتێکی کەم یەکلایی بکاتەوە‌ ئێمە کێشەیەکمان لەوبارەیەوە نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×