سەعدی پیرە: یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناكات
  2019-02-22       1585       

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە حیزبەکەی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپارتی بکات و داوا دەكات پارتی و یەکێتی خۆیان لەو لێدوانانە بە دور بگرن کە دەبێتە هۆی زیاتر دورخستنەوەی هەردولا.

ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەروداوی راگەیاند"هەمو لایەنەکان گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی کە هەوڵەکان بە ئاڕاستەی ناتەندروست رۆیشتون و پێویستە بەرەو ئاراستەیەکی دروست بڕوات. هەمومان دەزانین پارتی بەدیلی یەکێتی نییە و یەکێتیش بەدیلی پارتی نییە."

سەعدی ئەحمەد پیرە هەروەها رەتیکردەوە کە لە دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بكەن و وتیشی"من شتی وام لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەبیستوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئاراستەی پرۆسەکە بە ئاراستەیەکی ناتەندروست بڕوات جۆرەها خەڵک هەوڵی ئەوە دەدەن قسەی وا بکەن کە کێشە دروست ببێت، پێموایە خۆمان هۆکارین لە دروستبونی ئەو جۆرە قسە و قسەڵۆکانە و شێواندنی بارودۆخەکە، پێویستە هەمو لایەکمان ئەو بابەتانە کۆنترۆڵبکەین و نەهێڵین گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بشێوێندرێت."

رەتیشیكردۆتەوە كە لەکۆبونەوەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان باسی بابەتی دو ئیدارەیی كرابێت و وتی"دو ئیدارەیی تەواو بوە، پێشتر دو ئیدارەییمان تاقیکردەوە، یەکێتی هەرگیز باسی دو ئیدارەیی نەکردوە، ئەسڵەن داوای یەکێتی ئەوەبوە ئەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان 2 کاژێر دوابخرێت، 167 رۆژ راوەستاین، ئایا نەماندەتوانی 2 کاژێریش بوەستین؟ پێموایە ئەمە کارێکی خراپ بو، دەبێت ئەو ئاراستەیە چارەسەر بکەین."

سەبارەت بەوەی پارتی رایگەیاندوە کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی دادەنرێت تاوەکو لەگەڵ یەکێتی دەگەنە رێککەوتن و كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکەن. سەعدی پیرە وتی"رەنگە ئەمە سڕکردنێک بێت، بەڵام ئەمە چارەسەری پرسەکان ناکات، ئەوە هەر قسەیە جارێ، لەسەر ئەرز چۆنە؟."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×