شارەوانی هەڵەبجە رونكردنەوە لەسەر دابەشكردنی زەوی دەدات
  2019-02-23       763       

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە رایگەیاند؛ لەئایندەیەكی نزیكدا زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و 280 مامۆستادا دابەشدەكەن كە لەسەدا 90ی کارەکانی دابەشکردنی زەوییەکانیان تەواوبون، 900 پارچە زەویش ئیفرازکراون و ئامادەن.

ئاوێنە: لەسەر داوای لقی هەڵەبجەی یەكێتی مامۆستایان، ئەمڕۆ شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نوێنەرانی لقەكە، کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە رونکردنەوەی لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایاندا لە سنوری پارێزگاکە دا.

کوێستان ئەکرەم ئاشکرای کرد، ساڵی 2014، 250 مامۆستا پارچە زەوییان وەرگرتوە و شوێنی زەوییەکانیان دەزانن، بەڵام 280 مامۆستای دیکە هەرچەندە ژمارەیان وەرگرتوە بەڵام زەوییەکانیان پێنەدراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە شارەوانی هەڵەبجە لەساڵی 2016ەوە تاوەکو ئێستا کاریان لەسەر گرفتەکانی ئەو زەویانە کردوە بۆ ئەوەی بتوانن رێکارە یاساییەکان بگرنەبەرو زەوییەکان دابەشبکەن، ئێستاش لەقۆناغی دابەزاندنی نەخشەدان و "لە ئایندەیەکی نزیکدا" دابەشیان دەکەن.

لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا، کوێستان ئەکرەم رایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدانی کیمیاباراندا دابەشدەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی زەوییەکان ئیفراز دەکرێن (جیادەکرێنەوە) و دەدرێنە شارەوانیی، هەروەها زەوی بەسەر شەهیدانی لایەنە سیاسییەکانیشدا دابەشدەکرێن.

بەقسەی سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، دوای جیاکردنەوەی زەوییەکان لە قۆناغی دوەمدا زەوی بەسەر ئەو 280 مامۆستایەدا دابەشدەکەن.

کوێستان ئەکرەم ئاشکرای کرد، لەسەدا 90ی کارەکانی دابەشکردنی زەوییەکانیان تەواوبوەو، 900 پارچە زەویش ئیفرازکراون و ئامادەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×