عادل عەبدولمەهدی داوا لە ئەمریكا دەكات نوێنەریان بنێرن بۆ دانانی میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانیان
  2020-01-10       837       

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكات، نوێنەرانیان بنێرێن بۆ عێراق بۆ دانانی میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمان بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لەعێراق و بە وەزیرەكەی ئەمریكاشی راگەیاندوە كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی بەبێ مۆڵەتی حكومەتی عێراق بە ئاسمانی وڵاتەكەدا دەسوڕێنەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ، عادل عەبدولمەهدی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشتوە.

بەپێی بەیاننامەكە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەو خواستی لایەنە جیاجیاكان بۆ رێگەگرتن لە گرژییەكان و رێگەگرتن لە شەڕێكی كراوە، تاوتوێ كراوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی تەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنەنانەی رەتكردۆتەوەو رەتیان دەكاتەوە كە پێشێلی سەروەریی وڵات دەكەن لەنێویشیاندا ئەو هێرشەی كرایە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لەئەنبارو بنكەی سەربازی هەریر لەهەولێر و وتوشیەتی"عێراق ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات و پەیوەندی بەهەمو لایەنەكانەوە دەكات بۆ رێگریكردن لەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ."

هەر بەگوێرەی بەیاننامەیەكە لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا عادل عەبدولمەهدی داوای لە مایك پۆمپیۆ كردوە كە نوێنەرانی وڵاتەكەیان بنێرن بۆ عێراق بۆ دانانی چەند میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لەم وڵاتە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی پەرۆشە بۆ پاراستنی باشترین پەیوەندییەكانی لەگەڵ دراوسێ و دۆستەكانی لە كۆمەڵگەی نوێ دەوڵەتی و هەروەها پاراستنی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان و بەرژەوەندییەكانیان.

هەروەك عادل عەبدولمەهدی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكای وتوە، بەبێ مۆڵەتی حكومەتی عێراق هێزی ئەمریكی هەن دێنە ناو عێراق و هەروەها فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی بە ئاسمانی عێراقدا دەسوڕێنەوە و ئەوەش پێچەوانەی رێككەوتننامە كارپێكراوەكانە.

بەپێی بەیاننامەكە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەڵێنی داوە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە بكات و جەختیشی لە رێزگرتن لە سەروەری عێراق كردۆتەوە.

هەروەها هەردولا جەختیان لە پێویستە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوانیان هەردو وڵات كردۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×