یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی ئەنجامدەدرێت
  2020-01-14       546       
بڕیارە کاتژمێر ١١ی‌ پێشنیوەڕۆی‌ ئەمرۆ سێشەممە، یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشاری‌ سلێمانی‌ ئەنجامبدرێت.

ئاوێنە: مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبونەوەكەوە دەڵێت،  "راسپێردراوم بۆ كردنەوەی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە، مەراسیمی كۆبونەوەكەو تەوەرەكانیش لەناو كۆبونەوەكە دادەنرێن."

وتیشی، دەبێت لیژنەیەك لەناو ئەنجومەنەكە لەكەسانی شارەزا لەیاساو پەیڕەوی ناوخۆ دیاری بكرێن بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لەكۆنگرەی چوارەم دەنگی لەسەر دراوە، هەروەها دانانی لیژنەیەك بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو هەڤاڵانەی دەرنەچون، چونكە سەركەوتن و سەرنەكەوتنی هەموان بۆ یەكێتی بوە.

مستەفا چاوڕەش راشیگەیاند، دەبێت وتەبێژێك بۆ یەكێتی دیاری بكرێت، ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت تا ئەو كاتەی پەیڕەوەكە هەمواردەكرێتەوە بۆ قسەكردن لەسەر یەكێتی.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی وتیشی، بابەتی دانانی سەرۆك بۆ یەكێتی هێشتا یەكلانەبوەتەوەو لەناو كۆبونەی سەركردایەتی بڕیاری لێدەدرێت.

باسی لەوەشكرد كە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك، سەركردایەتی یەكێتی بۆ بازنەكان و بەشەكانی تر هەڵدەبژێردرێن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×