وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی هەولێر دەکات
  2020-01-15       426       
بڕیار وایە وەزیری دەرەوەی قەتەر دوا بە دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد، بە سەردانێکی دیکە بێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بکات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر کۆبێتەوە وەک ھەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

شایەنی باسە پێشتریش محەمەد عەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تویتێکدا ئاشکرای کردبوو کە محەمەد بن عەبدولرەحمان، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی بەغدا دەکات و محەمەد عەلی حەکیم ئەوەیشی خستبووەڕوو کە ئامانج لە سەردانەکەی محەمەد بن عەبدولرەحمان بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا جەختی لەوە کردەوە کە رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی بەسەردانێک دەگاتە بەغدا و لەمیانی سەردانەکەشدا بەجیا لەگەڵ سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەکیم کۆدەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×