زاخۆ..تەرمی دو كەس لەناو ئۆتۆمبێلكدا بەكوژراوی دۆزرانەوە
  2020-01-19       947       

كەمێك لەمەوبەر تەرمی دو كەس بەكوژراوی لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لە سەنتەری قەزای زاخۆ دۆزرانەوەو پۆلیس دەڵێت، دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە كردوە.

ئاوێنە، وارھێڵ نێروەیی: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، كەمێك لەمەبەر لە راگەیەندراوێكی كورتدا بڵاویكردەوە كە ئێستا لە سەنتەری قەزای زاخۆ تەرمی دو كەس بە كوژراوی دۆزراونەتەوەو دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكەو دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە.

راگەیەندراوەكەی پۆلیس رونكردنەوەی زیاتری لەسەر رۆداوەكە نەداوە، بەڵام ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی زاخۆ لەلێدوانێكدا بە "ئاوێنە"ی راگەیاند، تەرمی ئەو دو كەسە لەناو ئۆتۆمبێلێكدا بە كوژراوی لە گەڕەكی "تلكەبەرێ" لەنزیك گومرگی زاخۆ دۆزراونەتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تەرمەكان رەوانەی پزیشكی دادوەری زاخۆ دەكرێن بۆ زانینی چۆنیەتی كوشتنیان.

ئەوەش لەكاتیكدایە كە رۆژی هەینی هەر لە سەنتەری قەزای زاخۆ پیاوێكی تەمەن 53 ساڵان بە چەند فیشەكێك كوژراو هەروەها رۆژی پێنجشەممەش هەر لەناو سەنتەری قەزای زاخۆ كەسێك برایەك و دایكی خۆی كوشت و لەئەنجامی روبەڕوبونەوەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان پۆلیسێكی برینداركردو خۆیشی بە برینداری كەوتە دەست هێزەكانی پۆلیس و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە دەستبەسەركراوی، لەوێ گیانی لەدەستدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×