عێراق؛ دو خۆپیشاندەرو دو پۆلیس و چالاكوانێك لەخۆپیشاندانەكاندا كوژران
  2020-01-20       810       

ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا لە بەغدا دو خۆپیشاندەرو چالاكوانێك كوژراون كە یەكێكیان چالاكوانەو لە بەسرەش دوان لە هێزە ئەمنییەكان لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا كوژراون.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دو خۆپیشاندەر لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە كوژراون ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە فیشەك و هەروەها گازی فرمێسكڕێژ لە گۆڕەپانی "تەیەران" لە بەغدا كراونەتە ئامانج.

رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی و پزیشكییەوە بڵاویكردۆتەوە كە یەكێك لەو خۆپیشاندەرانە گولـلە بەر سەری كەوتوەو ئەویدیكەیان بۆمبی گازی فرمێسكڕێژ بەر سەری كەوتوە، دوای ئەوەی گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەكی دیكەوە كەناڵی "حوڕە" بڵاویكردۆتەوە كە جگە لەو دو خۆپیشاندەرە هەر ئەمڕۆ لە بەغدا چالاكوانێكیش بەناوی "یوسف ستار" بە فیشەكی هێزە ئەمنییەكان لەنزیك پردی "محەمەد قاسم" كوژراوە.

بەپێی قسەی چالاكوانان یوسف ستار وەك وێنەگر بۆ رێكخراوێك كاری كردوە.

چالاكوانان چەند ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردۆتەوە دەڵێن، ئەوە یوسف ستارە لەكاتی برینداربونیدا كە خوێنی لێدەڕوات و خۆپیشاندەرانیش بەپەلە بەفریای دەكەون تا بۆ نەخۆشخانەی بگوێزنەوە بەمەبەستی رزگاركردنی گیانی.

هەروەها رۆیتەرز هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لە شاری بەسرە ئەمڕۆ لەمیانی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارەدا ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی دو پۆلیسی شێلاوەو كوشتونی.

بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان ئۆتۆمبێلەكە ویستویەتی لە شوێنی پێكداهەڵپژانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دوربكەوێتەوە كاتێك لەو دو پۆلیسەی داوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×