ئاسایشی سلێمانی: له‌ ساڵی ٢٠١٩دا 331 ئه‌ندامی داعش ده‌ستگیركراون كه‌ 51یان ژنن
  2020-01-23       802       
به‌رێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی ئاماری كارو چالاكیه‌كانی  له‌ ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند ''331 ئه‌ندامی داعش ده‌ستگیركراون كه‌ 51یان ژنن''.

ئاوێنه‌: به‌رێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "کۆی دەستگیرکراوان بە مادەی 2 و 4ی تیرۆر بریتیە لە 331 ئه‌ندامی داعش کە 280ی رەگەزی نێرەو 51یان ڕەگەزی مێ کە 285یان عەرەب و 46 ئه‌ندامیشیان کوردن کە لەو ژمارەیە 36 تیرۆریستیان دراونەتەوە بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، هه‌موو جۆره‌ پله‌یه‌كی تیدا به‌شێكیان ئه‌میر بوون و به‌شێكیان ئه‌ندام و لایه‌نگر".

ئاسایشی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ "291 کەس بە پێی مادەی 14ی موخەدەرات دەستگیرکراون کە دەستگیراوە بەسەر دەیان کیلۆ تلیاک و حەشیش و هێرۆین وشیشەو ترامادۆڵ حەپی هەمەچەشن". 

بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەدەرمانی بەسەرچوو کردووە و دەڵێت "778 کارتۆنی دەرمانی پزیشکی بەسەرچوو و 73 ته‌ن و 554 کارتۆنی دەرمانی کشتوکاڵی لەناوبراون".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌ "بەتۆمەتی کوشتن و دزی و ساختە و دزینی شوێنەوار و ڕفاندن و بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە قاچاخچێتی مرۆڤ و سیخوڕیکردن و بەزاندنی سنور 2027 تۆمەتبار لەهەردوو رەگەز دەستگیرکراون". 

ئامارەکە ئاماژەی بەوەشداوە: 374 تۆمەتبار لە ئاسایشی سلێمانییەوە بەبڕیاری دادوەر ڕەوانەی پۆلیس کراون. بەشێکی تری ئامارەکە باس لەوەدەکات لیژنەکانیان توانیویانە 5379 پسوڵەی سەرپێچی لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامێتی سلێمانی بکەن و 343 دوکان و شوێن دابخەن و ده‌ست به‌سه‌ر 1 ملیۆن و 143 هه‌زار و 854 كیلۆ خۆراکی بەسەرچوودا بگرن و بڕی 255 ملیۆن و 25 هه‌زار دینار سزای سه‌رپێچیكاران بده‌ن". 

لەبارەی تاوانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ "536 کەس دەستگیرکراون، بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک وسناپچات و ئینستاگرام و تۆڕەکانی دیکە". کۆی گشتی دەستگیرکراوان لە ئاسایشی سلێمانی لەماوەی یەک ساڵدا 3595 کەس بووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×