2020-01-25   883     
بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی دەربەندیخان ڕوونکردنەوەی لەبارەی چەند وێنەیەک بڵاو کردەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە و دەنگدانەوەی ھەبووە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە ٢٥/١/٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی دەربەندیخان ڕوونکردنەوەیەکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "لە شەوی ڕابردووەوە ھەژمارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵێک وێنەی ڕووداوێکی چەند ساڵێک پێش ئێستای داناوە و ئاماژەی بەوە دا کە ڕووداوێکی ھاتوچۆ لەبەردەم تونێلی دەربەندیخان ڕووی داوە".
باس لەوەش کراوە: "جیاواز لەو چەواشەکارییەی، کە ئێمە وەک ھاتوچۆ و دامودەزگاکانی دیکەی پۆلیس و ئاسایش و تەندروستیی بەخێرای خۆمان گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە و ھیچ ڕووداوێکمان نەبینی، ھەوڵمان دا زانیاری لەو ھەژمارە وەرگرین و ئاماژەیان بەوە دا کە ئەو ڕووداوە کۆنە، بۆیە چەند جارێک داوامان کرد ڕوونکردنەوە بنووسن، لەبەر ئەوەی ھاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووس و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەدواداچوون و پرسیاری زۆرمان ئاڕاستە دەکەن و بەشێکیش لەو کەناڵانە بێ گەڕانەوە بۆ ئێمە، زانیاری نادروستیان بڵاو کردەوە".
ھاتوچۆی دەربەندیخان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئەمە جگە لەوەی کارێکی تێکدەرانە و چەواشەکارانەیە، لەھەمان کاتدا ھۆکارێکە بۆ نائارامیی شۆفێر و ھاووڵاتییان لە سنوورەکەماندا و خەڵکانێکی زۆر بەھۆیەوە ناوێرن لە ناوچەکەدا تێپەڕ ببن، زۆر ھەوڵمان دا ئەو ھەژمارە ڕوونکردنەوە بنووسێت، بەڵام نەینووسی، بۆیە ناچار بووین ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەین".
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە ھەندێک پەیج و ھەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ لایککردن و کۆمێنتکردن و فراوانبوونی ھاوڕێیەتیی کەسانێکی بێ ئەزموون، ھیچ ئامانجێکیان نییە جگە لە ورووژاندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.