وەزیری شارەوانی: جدییەتەوە كار بۆ چارەكردنی گرفتەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دەكەین
  2020-01-27       520       
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وۆركشۆپێكی سەبارەت بە گرفت و ئاستەنگەكانی ئاو و چارەكردنی ساز كرد، كە تێیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، "جدییەتەوە كار بۆ چارەكردنی گرفتەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دەكەن".

ئاوێنە: لە میانەی وۆركشۆپەكەیاندا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوە دا، كە هەموو هەوڵێكیان وەك وەزارەتی شارەوانی ئەوەیە، بە یەكسانی و بێ جیاوازی، ئاو بە سەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستاندا دابەش بكەن، هاوكات ئەو جۆرە وۆركشۆپانەشی بۆ یەكخستنی پڕۆژەكانی سێكتەری ئاو بە زۆر گرینگ وێنا كرد و جەختیشی لەوە كردەوە، كە پشتگیری دەكەن و، ئامادەی هەموو جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكن لە پێناو باشتركردن و پێشخستنی سێكتەری ئاو لە هەرێمی كوردستاندا.

وەزیری شارەوانی دووپاتیشی كردەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر جدییە لە هەموو ئەو بابەتانەی، كە پەیوەستن بە سێكتەری ئاو و بەرەوپێشبردن و كۆنترۆڵكردنی، بە شێوەیەك كە نابێ بوار بدەن چیتر ئەو سامانە نیشتمانییە بەفیڕۆ بدرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دڵنیاییشی دا، كار دەكەن بۆ چارەكردنی كێشەی ئاو لەو شوێنانەی، كە وەك پێویست تا ئێستا ئاویان پێ نەگەیشتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×