محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كێیە؟
  2020-02-01       1942       

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق راسپێردرا. ئاوێنە گرنگترین وێستگەكانی ژیانی ناوبراو لێرەدا دەخاتەڕو.

ئاوێنە: محەمەد تۆفیق حسێن عەلاوی ئەمین روبەیعی، سیاسییەكی عێراقییەو ساڵی 1954 لە بەغدای پایتەخت لەدایكبوەو هەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی تەواو كردوە.

عەلاوی  لە زانكۆی بەغدا كۆلێژی ئەندازیاری تەلارسازی وەرگیراوە بەڵام ساڵی 1977 لە دوا قۆناغی خوێندنەكەیدا ناچار بوە واز لە زانكۆ بهێنێت و عێراق بەرەو لوبنان بەجێبهێڵێت.

ساڵی 1980 چۆتە زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی بەدەستهێناوەو هەروەها پەیوەندیكردوە بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە بەڵام دواتر وازی لێهێناوە.

لەساڵی 2005ەوە لەڕێگەی لیستەكەی ئەیاد عەلاوی-یەوە پێی خستۆتە نێو گۆڕەپانی سیاسیەت و دواتریش لەگەڵ لیستەكانی ناوبراو بە ناوە جیاجیاكانی تا ئەمڕۆ بەردەوام بوە.

لەسەرەتای ساڵی 2006ەوە پەرلەمانتاری عێراق بوە تا لەناوەڕاستی ئەو ساڵەدا كرایە وەزیری گەیاندن و تا كۆتایی 2007 لەو پۆستەدا مایەوە.

جارێكی دیكە بوەوە بە ئەندام پەرلەمان ئەوەش لەبری جێگرتنەوەی پەرلەمانتاری كۆچكردو عایدە عەسیران لەساڵی 2008داو وەك ئەندام پەرلەمان مایەوە تا هەڵبژاردنی ساڵی2010.

ساڵی 2010 وەك پەرلەمانتار هەڵبژێدرایەوەو دواتر لە كۆتایی ئەو ساڵەدا كرایە وەزیری گەیاندن، بەڵام لەكۆتایی ساڵی 2012دا دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×