فارس عیسا: ھیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە دروست نەکراوە
  2020-02-18       1436       
بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی گرنگی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

ئاوێنە: کەمێک لەمەوبەر، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.

ڕوونیشی کردەوە، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان، بڕە پارەکە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ”ھیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە دروست نەکراوە“.

هەر لەمبارەیەوە د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەمێکە بڵاودەبێتەوە کە گوایە حکوومەتى عێراق مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت، ”ئێمە خەڵکى خۆشەویستى هەرێمى کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەکانیان نییە و ناشبێت“.

روونیشی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ بەردەوام دەبێت، هەر کاتێک پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بگاتە پەرلەمانی عێراق، ئەوە ”هەوڵی زیادکردنیشى دەدەین نەک کەم كردنەوەی“.

ئەو هەواڵانەشی رەت کردەوە کە باس لە ڕاگرتنی مووچە دەکەن و رای گەیاند، جگە لە پڕوپاگەندە و ترس نانەوە هیچى دیکە نییە. جەختیشی کردەوە: ”ڕاستە بارودۆخى سیاسى و ئاسایشى عێراق تا ئاستیک خراپ بووە، بەڵام لە ڕووى ئابوورییەوە عێراق لە هەناردەکردنى نەوت ڕانەوەستاوە، جگە لەوەی عێراق خاوەنى یەدەگێکی باشى پارەیە کە بە ٨٠ بۆ ١٠٠ ملیار دۆلارى ئەمەریکی مەزەندە دەکرێت، هەر بەم بڕە پارەیەش دەتوانێ مووچەى خۆى بدات تاکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە“.

بەشیر حەداد هەروەها رای گەیاندووە: ”ئێمە دڵنیایی تەواو بە هاووڵاتیانی خۆمان دەدەین، حکوومەتى عێراق لە ناردنى مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت“.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×