سەعدی پیرە: عەلاوی پێی وایە مافی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی لەگەڵ حزبەكان نییە
  2020-02-18       2416       

سەعدی پیرە، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رەخنە لەشێوازی محەمەد عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەگرێت لە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دەڵێت، عەلاوی پێیوایە مافی ئەوەی هەیە گفتوگۆی ئەم بابەتە لەگەڵ حسێنیەو مزگەوت و هاوبەشە بازرگانییەكانیدا بكات، بەڵام لەگەڵ حزبە سیاسییەكان ئەو مافەی نییە.

ئاوێنە: سەعدی پیرە، ئەندامی ئەو وەفدەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق گەیشتنە بەغدا.

پیرە لە لێدوانێكدا بە كەناڵی "ئەلحوڕە"ی وتوە"محەمەد عەلاوی پێی وایە مافی ئەوەی هەیە كە گفتوگۆی ئەم بابەتە(پێكهێنانی حكومەت) لەگەڵ حسێنییەو مزگەوت و هاوبەشە بازرگانییەكانیدا بكات بەڵام لەگەڵ حزبە سیاسییەكان ئەو مافەی نییە."

سەعیدی پیرە ئاماژەی بەوەشداوە كە تەشەنوج لەگەڵ حزبەكان و قبوڵنەكردنی كاندیدەكانیان "سەرەتایەكی نادروستە"و رونیشیكردۆتەوە"پێویستە لەسەر حزبەكان كەسانی پلە یەك و پلە دو لە سەركردایەتییەكانیان كاندید نەكەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەكرێت كەسانی تەكنۆكرات و خاوەن كارامەیی و پاك بۆ وەزارەتەكان كاندید بكەین."و وتوشیەتی"بۆچی ئەو (عەلاوی) بتوانێت كەسانی پاك كاندید بكات بەڵام ئێمە نەتوانین."

ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی، جەختیشی كردۆتەوە"هەر كاندیدێك بەبێ رەزامەندی حزبە كوردییەكان لەهەرێمی كوردستانەوە، قبوڵكراو نابێت."

رۆژی شەممە محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، رایگەیاندبو، لەم هەفتەیەدا ئەندامانی كابینەی حكومەتەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ متمانەپێدانیان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×