ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: لە هەولێر دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی قێزه‌ون ڕویداوە دەبێ حكومەت چاره‌سه‌ری بكات
  2020-02-20       2143       
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد، "گفتوگۆی تەواو لە بارەی پڕۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەم كراو و سەرنج و تێبینی زۆر خرایە ڕوو بۆ دەوڵەمەندكردنی وەك بەرنامەی كاری ڕێكخراوەیی".

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێكەوتی 20-2-2020 لە شاری سلێمانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوه‌وه‌، له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕادگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "باس لەو دیاردە كۆمەڵایەتیانە كرا كە لەسنوری هەولێر ڕوویداوە كە دیاردەی قێزەونن و دەبێ لایەنە پەیوەندارەكان لە حكومەت چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و ڕێگری بكەن لە دووبارە بوونەوەی ئەم دیاردانە".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی:

ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێكەوتی 20-2-2020 لە شاری سلێمانی ئەنجومەنی سەركردایەتی (ی.ن.ك). لە كۆبونەوەی خۆی بەردەوام بوو. دوای ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێك گفتۆگۆی لە بارەیەوە كرا.

1- سەرەتا وەفدی یەكێتیی كە سەردانی بەغدای كردبوو دواین پێشهاتەكانیان لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق خستەڕوو.

2- دۆخی كەركوك و خانەقین و ناوچە دابڕاوەكان و تاوانی شەهیدكردنی چوار گەنجی كورد لە گوندی چەخماخەی قەزای دوبز خرایە بەرباس و لێكۆڵینەوە و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم دۆخە نالەبارەی لەم ناوچانە هاتووەتە كایەوە.

3- باس لەو دیاردە كۆمەڵایەتیانە كرا كە لەسنوری هەولێر ڕوویداوە كە دیاردەی قێزەونن و دەبێ لایەنە پەیوەندارەكان لە حكومەت چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە و ڕێگری بكەن لە دووبارە بوونەوەی ئەم دیاردانە.

4- لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی تەواو لە بارەی پڕۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەم كراو و سەرنج و تێبینی زۆر خرایە ڕوو بۆ دەوڵەمەندكردنی وەك بەرنامەی كاری ڕێكخراوەیی و ستراتیجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاكو كۆنگرەی پێنجەم.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×