شوشكه‌یی: عه‌لاوی پێی وتین كورد ڕازی بێت یا نا كابینه‌كه‌ هه‌ر ڕاده‌گه‌یه‌نم
  2020-02-21       1028       

سەلیم شوشكەیی، ئەندامی وەفدی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ئاشكرایكرد، محەمەد تۆفیق عەلاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بەڕاشكاوی پێی وتین، ئەگەر ئێوە رازی نین بە دانانی وەزیرەكان بەم شێوازە ئەوا دەتوانن دەنگ بە كابینەكە نەدەن، من هەر كابینەكە رادەگەیەنم. بەڵام بە وەفدە كوردییەكەی وتوە، موچەی فەرمانبەران بەدەر دەبێت لەکێشە و ململانێ سیاسیەکان.

ئاوێنە: سه‌لیم شوشكه‌یی،  ئه‌ندامی وەفدی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ هەینی، بڵاوكراوەتەوە، باس له‌ته‌وه‌ری گفتوگۆكانیان و ئه‌نجامی ئه‌و كۆبونەوەكانیان‌ ده‌كات له‌به‌غداد.

شوشكەیی وتویەتی"حەمەد تۆفیق عەلاوی بە راشکاوی پێی وتین ئێوە ئەگەر ڕازی نین بە دانانی وەزیرەکان بەم شێوازە ئەوا دەتوانن دەنگ بە کابینەکە نەدەن یا بەشداری لە دانیشتنەکەی پەرلەمان نەکەن و دەنگ نەدەن، من هەر کابینەکەڕادەگەیەنم ئەمە قۆناغێکە بۆ گەڕانەوەی شکۆ و هەیبەت بۆ عێراق. عێراق پێویستی پێیەتی و منیش پێویستم بەیارمەتی ئێوەیە ئەگەر یارمەتیش نادەن ئەوا دەتوانن ئەو سێ کورسیە وەزاریەی هەتانە بە بەتاڵی بەجێی بهێڵن."

شوشکەیی كه‌ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌ وتوشیەتی"شاندە کوردییەکە لە دو ڕۆژی ڕابردوتر لەبەغداد چاوییان کەوت بەلایەنە عیراقیەکان و کاندیدی ڕاسپێراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق بەڵام بەهیچ جۆرێک ڕازی نییە ناوی کاندیدەکان لە لایه‌نه‌ کوردییه‌كان وەربگرێت و بۆ ئەم قۆناغی گواستنەوەیە خەڵکی بێلایەن کاندید دەکات کە دو مەرجی تێدا بێت، دەستپاکی و شایستەبون، لە ئێستادا زۆربەی ناوی کاندیدەکانی لای خۆی داناون و ڕۆژی دوشەممە بڕیاری داوە کۆبونەوە بکرێت بۆ پێکهێنانی کابینە نوێیەکەی."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لایەنە عیراقیەکان و کوردییەکانیش لەسەر ئەم پێداگریەی عەلاوی بۆ دانانی وەزیرەکانی کابینەکەی لەسەر بنەمای بێلایەنی بونەتە دو بەش، هه‌ندێكیان پێیان باشه‌، هه‌ندێكیان دژی ئه‌وه‌ن."

سەلیم شوشکەیی ئەوەشی وت" کۆتا قسەی ئێمە بۆ عەلاوی لە کۆبونەوەی شاندە کوردییە ئەوەبو كه‌ هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییە پێویستە ڕێز لە تایبەتمەندی بگیرێت و دیاریکردنی وەزیرەکانی بدرێتە دەست خۆی بەڵام عەلاوی ڕەتیکردەوە و تەنانەت ئامادە نەبو گفتوگۆمان لەگەڵ بکات لەوبارەیەوە."

سه‌لیم شوشكه‌یی له‌باره‌ی ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كان وتی"ئێمە بەدەستی بەتاڵ نەگەڕاوینەتەوە، بەڵام دو لایەنە سەرەکیەکە ئەوەی مەبەستی سەرەکیان بو بەڵێ بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە، چونکە ئێمە تەنها داواکاریمان ئەوەبو کە پشکی هەرێمی کوردستان کەم نەکرێتەوە، ئێمە نەچوبوین بۆ وەزارەت و بەشی حکومەت، داخوازی ئێمە داخوازی خەڵک بو کە بریتی بو لەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدەربێت لە ململانێ سیاسیەکان و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگیرێت و پارەی گەنمی جوتیاران بدرێت ئەوانیش هەمو ئەوانەیان قبوڵکرد، ئەمەش خاڵی سەرەکی جیاوازی ئێمەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی چونکە ئێمە پێمان وایە دەکرێت وەزیرەکان کەسانی پاک و شایستە بن لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو، ئەمە لای ئێمە واتای ئەوە نیە کە کۆتایی دنیا بێت، بەڵام لای پارتی و یەکێتی تا ئەم ساتەش نەگەڕاونەتەوە و لەگفتوگۆکان بەردەوامن دەیانەوێت سوننە لەگەڵ خۆیان قەناعەت پێ بکەن کە فشار لە عەلاوی بکەن کاندیدەکانیان قبوڵ بکات."

سەلیم شوشکەیی ئاماژەی بەوەشکرد"عه‌لاوی بە زاری خۆی بەڵێنی بە شاندی کوردی و ئەوان داوە کە موچەی فەرمانبەران بەدەربێت لەکێشە و ململانێ سیاسیەکان و بابەتی گەنمی جوتیارانیش چارەسەربکات چونکە ستەمە لێیان کراوە و کێشە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی توانا چارەسەر بکات."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە ئامادەن لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی دەنگ بە کابینەکەی عەلاوی بدەن؟ سەلیم شوشکەیی وتی"ئەوە پێشەکیەکی دەوێت ئەگەر بەرنامەی وەزیر و کابینەکەمان بەدڵ بو ئەوا ئێمە کێشەکان ناکەینە شەخسی و گرنگ نیە" زەید وەزیرە یا عەمر" ئەوکات هەوڵدەدەین قەناعەت بە پارتی و یەکێتیش بکەن کە پێکەوە وەکو کورد یەک دەنگ بین و دەنگ بدەین ئێستا بەرنامە وەزارییەکەمان نەدیوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×